واده‌ی به‌ڕێوه‌چوونی كلاسیكۆی ئیسپانیا دیاریكرا

لۆگۆی لالیگا
لۆگۆی لالیگا

تیروپشكی وه‌رزی 2023 بۆ 2024 ی لالیگای ئیسپانیا راكێشرا و بارسێلۆنا له‌ یه‌كه‌مین گه‌ڕ رووبه‌رووی خێتافی ده‌بێته‌وه‌ و ریال مه‌دریدیش ده‌بێته‌ میوانی ئاتلێتیك بلباو، له‌ یه‌كه‌مین كلاسیكۆش رۆژی 29ـی مانگی 10 بارسێلۆنا میوانداریی ریال مه‌درید ده‌كات و له‌ كلاسیكۆی قۆناخی دووه‌میش له‌ بیست و یه‌كی مانگی چواری ساڵی داهاتوو رووبه‌رووی یه‌كتری ده‌بنه‌وه‌.

له‌ باره‌گای ئه‌نجوومه‌نی لالیگا تیروپشكی وه‌رزی نوێی خوله‌كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رجه‌م نوێنه‌رانی یانه‌كان راكێشرا، بارسێلۆنای پاڵه‌وانی لالیگا له‌ یه‌كه‌مین گه‌ڕ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی و له‌ شاری مه‌درید رووبه‌رووی خێتافی ده‌بێته‌وه‌ و یه‌كه‌مین دێربی كه‌ته‌لۆنیاش له‌ گه‌ڕی شازده‌ میوانداری جیرۆنا ده‌كات و له‌ گه‌ڕی سی و چواری خوله‌كه‌ش ده‌بێته‌ میوانی جیرۆنا.

ریال مه‌دریدیش له‌ یه‌كه‌مین یاریی وه‌رزی نوێی لالیگا رووبه‌رووی ئاتلێتیك بلباو ده‌بێته‌وه‌ و رۆژی چواری مانگی نۆ له‌ یه‌كه‌مین دێربی مه‌درید ده‌بێته‌ میوانی ئاتلێتیكۆ مه‌درید و له‌ رۆژی چواری مانگی دوو له‌ سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداری ئاتلێتیكۆ مه‌درید ده‌كات

رۆژی 29ـی مانگی 10ـی داهاتوو بارسێلۆنا له‌ قۆناخی یه‌كه‌می لالیگا و له‌ گه‌ڕی یازده‌ی خوله‌كه‌ میوانداریی ریال مه‌درید ده‌كات.

له‌ رۆژی 21ـی مانگی چواری ساڵی داهاتوو له‌ گه‌ڕی 32ـی لالیگا ریال مه‌درید له‌ سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی بارسێلۆنا ده‌كات.

ئاتڵێتیكۆ مه‌درید له‌ یاریی لوتكه‌ی گه‌ڕی 15 له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی رووبه‌رووی بارسێلۆنا ده‌بێته‌وه‌ و له‌ گه‌ڕی 29ـی لالیگاش له‌ یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ واندا میترۆپۆلیتانۆ میوانداریی بارسێلۆنا ده‌كات.

بڕیاره‌ وه‌زی نوێی لالیگا رۆژی 13ـی مانگی هه‌شتی ئه‌مساڵ ده‌ستپێبكات و له‌ رۆژی بیست و شه‌شی مانگی پێنجی ساڵی داهاتووش خوله‌كه‌ كۆتایی دێت.