سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: بەردەوام دەبین بەرەو کوردستانێکی بەهێزتر

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای دانانی بەردی بناغەی کارگەیەکی چیمەنتۆ و وێستگەیەکی کارەبا لە هەولێر، لە پەیامێکدا لە تویتەر رایگەیاند، بەردەوام دەبین بەرەو کوردستانێکی بەهێزتر.

رۆژی (22ـی حوزەیرانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمێکدا بەردی بناغەی کارگەی چیمەنتۆ و وێستگەی کارەبای دابینی لە بناری چیای سەفین لە پارێزگای هەولێر دانا.

لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند، بۆ ئابوورییەکی بەهێزتر ژێرخانێکی بەهێزترمان دەوێت، بۆیە پاڵپشتیی کەرتی تایبەت دەکەین.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی نووسیویەتی، "ئەمڕۆ، بەردی بناغەی کارگەیەکی چیمەنتۆ و وێستگەیەکی کارەبامان بە گوژمەی 280 ملیۆن دۆلار بە هاوبەشی لەنێوان دابین و پاوەرچاینادا دانا، بەمەش نزیکەی 1000 هەلی کار دەڕەخسێنین".

هاوکات لە پەیامێکی دیکەدا هەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، " بەردەوام دەبین بەرەو کوردستانێکی بەهێزتر".

هەروەها لە رێورەسمی دانانی بەردی بناغەکەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەمیانی پێشکەشکردنی گوتارێک گوتی، " بەختەوەرم ئەمڕۆ لێرە لەگەڵتان بەشدارم بۆ دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەیەکی گرنگی دیکە لە هەرێمی کوردستان کە کارگەی چیمەنتۆی دابین-ە و بڕیارە ببێتە یەکێک لە کارگە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵێکی دیاری دەبێت لە گەشەپێدانی پرۆسەی بیناسازی و بنیاتنانەوەی کوردستان".