دلاوەر ئاژگەیی: یەکێتی ئەوروپا ئامادەیە بۆ هەماهەنگی و پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان

دلاوەر ئاژگەیی، بەرپرسی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا
دلاوەر ئاژگەیی، بەرپرسی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا

K24 - هەولێر:

بەرپرسی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، رایدەگەیەنێت، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا زۆر بە گرنگییەوە لە هەرێمی کوردستان دەڕوانن، گوتیشی: ئامادەن بۆ هەماهەنگی و پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان.

دلاوەر ئاژگەیی، بەرپرسی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، لە میانەی بەشداریکردنی لە دوا گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 23:00ــی کوردستان24، رایگەیاند، ماوەی سێ رۆژە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەفین دزەیی جموجۆڵێکی دیپلۆماسی زۆری لە ئەوروپا دەستپێکردووە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی بەلجیکا، لۆکسمبۆرگ و هۆڵەندا کۆبوونەوەی ئەنجامداوە.

راشیگەیاند، هەفتەیەکی دیبلۆماسی زۆر سەرکەوتوومان هەبووە لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، دووپاتیان کردەوە کە بەلایان هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە.

بەرپرسی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، ئاماژەی بەوەدا، کاردەکەن لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان لە بوارە جیا جیاکان، هەروەها یەکێتی ئەوروپا ئامادەن لەو بوارانەی کە هەرێمی کوردستان بەلایەوە گرنگە و داواکارە ئەوان هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن، ئامادەن هاوکاری دۆستانی خۆیان بکەن و هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی سەرەکی خۆیان دەزانن.

دلاوەر ئاژگەیی، باسی لەوەشکرد،  لە کۆبوونەوەکاندا باسی بابەتی ئابووری کرا، ئەوان لە پلانیاندایە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن بە تایبەت لە بواری کشتوکاڵ، بازاڕ بۆ بەرهەمی هەرێمی کوردستان پەیدا بکەن کە ئەمەش هاوکارییەکی باش دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان، بە تایبەت بۆ جووتیاران، دەبێتە هۆی بوژانەوەی کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان.

ئەوەشی خستەڕوو، کۆبوونەوەمان لەگەڵ هەموو لایەنەکان زۆر بەرهەمداربوو، هەروەها لە رووی سیاسییەوەش ئامادەن هاوکاری هەرێمی کوردستان  بکەن.

لەبارەی پرسی ئاوارەکان، بەرپرسی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، گوتی: لە کۆبوونەوەی رابردوومان لە برۆکسل لەسەر پرسی پەنابەران بەشداربووین، زۆر کۆبوونەوەش لە چەند ساڵی رابردوو لەسەر ئەم پرسە بەڕێوەچووە و بەشداریمان کردووە.

گوتیشی: پێمان گوتوونە پێویستە هەرێمی کوردستان لەلایەن یەکێتی ئەوروپا هاوکاری بکرێت بۆ ئەوەی ئەو بارە قورسەی کە لەسەر شانییەتی سوکبکرێت، بە تایبەتی لە کاتی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەرێمی کوردستان بارێکی زۆر قورسی کەتووەتە سەر شان لەسەر ئەرکی خۆی کەمپی بۆ پەنابەران کردووەتەوە و هاوکاری رۆژانەیان پێشکەشدەکات.

دلاوەر ئاژگەیی، جەختی لەوەشکردەوە، بە یەکێتی ئەوروپامان گوت ئەگەر هاوکاری هەرێمی کوردستان نەکەن لەسەر پرسی پەنابەرانی سووری، ئەوە پەنابەرەکان هیوایان لەدەستدەدەن، لەوانەیە لە رێگەی کۆچی نایاسایی گەشتی ئەوروپا بکەن، ئەو کاتە بارگرانی زیاتر دەکەوێتە سەر یەکێتی ئەوروپا و ئەو پەیامەی ئێمەیان بە هەند وەرگرت.

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە (22ـی حوزەیرانی 2023)، یان یامبۆن، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی فلاندێرزی بەلجیکا پێشوازی لە سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، یان یامبۆن ئاشکرای کرد، ئەوان وەکو هەرێمی فلاندێرز دۆستی نزیکی هەرێمی کوردستانن و ئامادەن بە هەموو شێوەیەک پاڵپشت و هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن لە هەموو سێکتەرەکان، بۆ ئەوەی سەرکەوتووبن بەسەر هەموو ئاڵنگاریی و کێشەکان لەو ناوچەیەدا.

وڵاتی بەلجیکا پێکھاتووە لە سێ ھەرێم، ھەرێمی فلاندێرز، ڤالۆنیا و برۆکسل. فلاندێرز دەوڵەمەندترین ھەرێمی ئەو وڵاتەیە، لەبەرئەوەی زۆربەی وەبەرھێنان، بازرگانی و پیشەسازیی بەلجیکا دەکەوێتە ئەو ھەرێمەوە، کە ئەمەش وایکردووە رێژە و دەسەڵاتی ھەرێمی فلاندێرز لە ناو حکوومەتی فیدراڵی بەلجیکا زۆرتر بێت.

لەماوەی رابردوودا چەندین جار شاندی ئابوری و سیاسی هەردوو ئەم هەرێمە سەردانی یەکتریان کردووەو بەپێی ووتەی دەستەڵاتدارانی ئەم دوو هەرێمە رۆژ بەرۆژ پەیوەندیەکان بەهێزو باشتر دەبن.