سەنتەری میترۆ: بە توندی سەرکۆنەی تیرۆرکردنی هونەرمەند خواناس وریا دەکەین

خواناس وریا گلیە
خواناس وریا گلیە

K24 - هەولێر:

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی رۆژنامەنووسان رایانگەیاند، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی تیرۆرکردنی هونەرمەندی خواناس وریا دەکەن.

هونەرمەند خواناس وریا گلیە (27 ساڵ) دوێنێ پێنجشەممە لەنێو بازاڕی قەزای چەمچەماڵ درایە بەر دەستڕێژی گوللـە و کوژرا.

لەوبارەیەوە، سەنتەری میترۆ لە راگەیەندراوێکدا داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلە دەکەن بۆ ئاشکراکردن و رادەستکردنی ئەو کەسانەی دەستیان لەو تاوانەدا هەبووە.

ئاماژە بەوەشدراوە، بەپێی گوتەی شایەتحاڵان، ئەو هونەرمەندە گەنجە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کە ماتۆڕسکیلیان پێ بووە تەقەی لێ کراوە.

رەمەک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ دوێنێ پێنجشەممە بە کوردستان24ـی راگەیاند، هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردوە و تەرمەکەش رەوانەی پزیشکی دادی چەمچەماڵ کراوە، گوتیشی: تاوانبارەکە ناسراوە و ئێستا سەرقاڵی سەیرکردنی کامێرا-چاودێرییەکانی ئەو ناوچەیەن، بەڵام هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە بە زووترین کات دەستگیر دەکرێت.

هەرچەندە قایمقامی چەمچەماڵ هۆکاری کوژرانی ئەو هونەرمەندە گەنجە بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: بکوژەکە هاوڕێی بووە و پێشتر دەمەبۆڵەیان بووە، بەڵام سەنتەری میترۆ رووداوی کوشتنەکە بە 'تیرۆر' لە قەڵەم دەدات.