عەبدوڵڵا حاجی مەحموود: حکومەتی عێراق نەچووەتە ژێرباری قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییان

عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق خۆی لە پرسی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییان دەدزێتەوە، هەروەها دەشڵێت: رێکارەکان بۆ گەڕاندنەوەی رووفاتی قوربانییەکان تەواوکراون.

عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە دوا گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 23:00ــی کوردستان24، رایگەیاند، کاتی خۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم زیانەکانی قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی خەملاند لە رێگەی لیژنەیەکەی پەیوەندیدار ئاراستەی حکومەتی عێراقی کرد، کە دەبێت عێراق بە فەرمی داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان بکات و قەرەبووی کەسوکاری قوربانییانی هەرێمی کوردستان بکاتەوە.

راشیگەیاند، حکومەتی عێراق بە شێوازی جۆراوجۆر خۆی دەدزێتەوە لەپرسی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییان.

وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، دەشڵێت: پرسی قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کەیسێکی زیندووە و ئەم پرسە پەیوەندی بە داهاتووی گەلی کوردستانەوە هەیە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دووبارە نەبێتەوە، هەروەها خەڵکی کوردستان پارێزراو بن و جارێکی دیکە دووچاری جینۆساید نەبنەوە.

گوتیشی: ئەم پرسە وەرەقەیەکی بەهێزی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە، کە لە داهاتوودا بتوانین کاری لەسەر بکەین وەکو گرێنتیەک بۆ مانەوە و درێژەپێدانی داهاتووی گەلی کوردستان لە پاڵ دەستووری عێراق.

وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، روونیکردەوە، لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراواندا کارمان لەسەر  ئەو پرسە کردووە، دەستەیەکیشمان هەیە لە وەزارەت بە ناوی دەستەی جینۆساید، بە دوو ئاراستەش بەرنامەمان داناوە لەسەر ئەم پرسە، یەکێکێکیان تاکو ئێستا لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق یەکلایی نەبووەتەوە، ئەویدیکە بابەتی پرسی قەرەبووکردنەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستانە.

لەبارەی هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، گوتی: رێژەکی زۆر لە رووفاتی ئەنفالکراوان هێنراونەتەوە هەرێمی کوردستان و رادەستی کەسوکارەکانیان کراوەتەوە، هەروەها رێژەیەکیش ئامادەسازی بۆ هێنانەوەی کراوە.

گوتیشی: روفاتەکانیش ئامادەیە بۆ هێنانەوە تەنیا هەندێک گرفت هەیە لەنێوان کەسوکاری ئەنفالکراوانی چەمچەماڵ و گەرمیان، هەردوولا جەختدەکەنەوە لەسەر ئەوەی کە رووفاتەکان کەسوکاری ئەوانن.