سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردی بناغەی بەنداوی بەستۆڕە دادەنێت

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی بەنداوی بەستۆڕە لە سنووری پارێزگای هەولێر دادەنێت.

ئەمڕۆ شەممە 24ـی حوزەیرانی 2023، کاتژمێر 2:30 دوای نیوەڕۆ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی بەنداوی بەستۆڕە لە سنووری پارێزگای هەولێر دادەنێت.

ئەندازیار شێرکۆ محەممەد، سەرپەرشتیاری بەنداوی بەستۆڕە بە کوردستان24ی راگەیاند، درێژیی بەنداوەکە لە خوارەوە زیاتر لە 300 مەترە و لە بەشی سەرەوە 600 مەترە، هەروەها بەرزی بەنداوەکەش 30 مەتر دەبێت و توانای گلدانەوەی 20 ملیۆن مەتری سێجا ئاوی هەیە.

بەگوێرەی گرێبەستەکە دەبێت لە ماوەی ساڵێکدا بەندوی بەستۆڕە تەواو بکرێت، کە تەواوی ستافی دروستکردنی پڕۆژەکە هەموو ئەنداز و کرێکارانی ناوخۆی هەرێمی کوردستانن.

رۆژی دووشەممە 20ـی ئەیلوولی 2021، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رەزامەندی لەسەر دروستكردنی بەنداوی بەستۆڕە لەسنووری پارێزگای هەولێر دەربڕی، کە تێچووی پرۆژەكە لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی كشتوكاڵ خەرجدەكرێت.

دروستكردنی بەنداوی بەستۆڕە، لەچوارچێوەی پلانەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان دێت، كە دروستكردنی چەندین بەنداوی گەورەو بچووكی دیكە لەخۆدەگرێت.