یەکێتیی ئەوروپا: یاخیبوونی گرووپی ڤاگنەر پرسێکی ناوخۆی رووسیایە

ئاڵای یەکێتی ئەوروپا | وێنە: Wikimedia Foundation
ئاڵای یەکێتی ئەوروپا | وێنە: Wikimedia Foundation

K24 - هەولێر

چارلز میشێل، سەرۆکی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەو رووداوانە دەکات کە بە یاخیبوونی گرووپی ڤاگنەر لە دژی حکومەتی رووسیا دەستی پێ کردووە و دەڵێت، "ئەمە پرسێکی ناوخۆی رووسیایە."

میشێل لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاندووە کە یەکێتیی ئەوروپا لە نزیکەوە چاودێریی ئەو دۆخە دەکات کە لە نێو رووسیادا دەگوزەرێت.

بە ئاماژەدان بەوەی کە لە پەیوەندیدایە لەگەڵ سەرکردەکانی ئەوووپا و هاوبەشەکانی گرووپی حەوت، میشێل رایگەیاند: "روونە کە ئەمە پرسێکی ناوخۆی رووسیایە".

میشێل گوتیشی: "پاڵپشتیی ئێمە بۆ ئۆکرانیا و بۆ سەرۆکی ئەو وڵاتە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی بەردەوام دەبێت".

ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ شەممە 24ـی حوزەیرانی 2023، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە گوتارێکدا کە لە کۆشکی سەرۆکایەتی "کرملن" پێشکەشی کرد، وەڵامی هەڕەشەکانی یێڤگینی پریگۆژین، فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر دایەوە و رایگەیاند، "پارێزگاری لە سەربەخۆیی وڵاتەکەمان و نەتەوەکەمان دەکەین، پارێزگاری لەوە دەکەین کە ئێمە رووسیاین. ئەم دۆخەی ئێمە ئێستا پێیدا تێدەپەڕین، پێویستی بە هەوڵی هەمەلایەنەیە. پێویستە واز لەو خاڵانە بهێنین، کە وڵاتەکەمان لاواز دەکەن".

سەرۆکی رووسیا دووپاتی دەکاتەوە، رووبەڕووی هەموو هێرشەکان دەبنەوە و پارێزگاری لە سەربەخۆیی وڵاتەکەیان دەکەن. هاوکات سزای هەموو ئەو کەسانە دەدەن کە بەشدارییان لەو "خیانەتە نیشتمانییە"دا کردووە کە گرووپی ڤاگنەر کردوویەتی و دەڵێت، "تەنانەت ناهێڵین یەک دانەشیان لە سزادان رزگاریان ببێت".

دواتر فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی گوتارەکەی پوتنی دایەوە و رایگەیاند، "ئەو رێگەیەی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا گرتوویەتییەبەر هەڵەیە."

لە راگەیەندراوەکەیدا فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر ئاماژەی بەوەش کردووە، بەم زووانە پوتن لە کارەکەی دووردەخەنەوە و سەرۆکێکی نوێ بۆ رووسیا هەڵدەبژێرن.

پێشتر یەڤگینی پریگۆجین، دامەزرێنەری ڤاگنەر سوپای رووسیای بەوە تاوانبارکردبوو کە هێرشی کردووەتە سەر ڤاگنەر و رایگەیاند بۆ دەستیان بە جوڵە کردووە بۆ وەڵامدانەوە.

ئاژانسی ئاسایشی فیدڕاڵیی رووسیا دۆسیەیەکی بە تاوانی "یاخیبوونی چەکداریی" لەسەر پریگۆجین کردبووەوە.

پریگۆجین لە پەیامێکیدا لە لە تێلێگرام ئاماژەی بەوە کردبوو کە سوپای رووسیا هێرشی کردووتە سەر کەمپەکانی ڤاگنەر.

وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا، ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە باس لە هێرشکردنە سەر کەمپەکانی ڤاگنەر دەکەن.