شەڕی سوودان شارەکانی دیکەشی گرتەوە

خەرتومی پایتەختی سوودان
خەرتومی پایتەختی سوودان

K24- هەولێر

شەڕ لەنێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامە، جەنگەکە بۆ شار و ویلایەتەکانی دیکەش پەرەی سەندووە و سەدان کوژراو و بریندار هەن و کارەساتی مرۆیی لێکەوتووەتەوە.

شایەتحاڵێک بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند، دەنگی تەقە و مووشەک و لەنێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوامی خێرا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نیل لە خەرتوم دەبیسترێت، فڕۆکە و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بەردەوامن لە فڕین بەسەر شارەکەدا.

فڕۆکە جەنگییەکانی سوپا ژمارەیەک مووشەکیان ئاراستەی ناوچەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا کرد، ئەوانیش بە هاوەن و چەکی دژە فڕۆکە و تۆپخانە وەڵامی سوپایان دایەوە.

شەڕی نێوان سوپا وهێزەکانی پشتیوانی خێرا، تەنها لە خەرتومی پایتەخت سنووردار نیە، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا شەڕێکی سەخت لە دارفۆری باشوور و شاری ئەلجینینە، روویدا، کە تیایدا پارێزگاری ویلایەتەکە و نزیکەی پێنج هەزار کەس کوژراون بەگوێرەی خەمڵاندنە ناوخۆییەکان، هەروەها هەزاران کەسیش هەڵهاتن بۆ ولاتی چادی دراوسێیان.

شەڕ لە شاری نیالای پایتەختی ویلایەتی دارفۆری باشوور سەخت بوو، هەروەها  شارەکە تاڵانکردن و وێرانکارییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا و ژمارەیەک کەس کوژران، هەروەها هەردوو هێزەکە لە شارەکانی کەتم لە دارفوری باکوور، زالینگی لە ناوەندی دارفور و هێزەکانی ئوم دافوق لە نزیک سنووری ئەفریقیای ناوەراست شەڕیان کرد، تەنها ویلایەتی دارفۆری رۆژهەڵات، رێککەوتنێکی مەدەنی لەگەڵ هێزەکانی پشتیوانی خێرا هەیە.

هێزەکانی پشتیوانی خێرا، گەمارۆی تەواوی شاری کۆردۆفانی باکووری نزیک خەرتوومی پایتەخت داوە، هەروەها گەمارۆی شاری ئەلعوبێد داوە و لە ماوەی چەند رۆژی رابردووشدا شارەکە لە رێگەی تۆپی قورسەوە بۆردومان کراوە.

لە شاری کۆردۆفان، لایەنێکی نوێ هاتە ناو شەڕی سوودانەوە، کە دژی سوپای سوودان دەجەنگن، ئەویش بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی گەلی سوودانە. کاتێک هێرشیان کردە سەر شاری "دیلینگ" و شەڕێکی سەختیان بەرامبەر سوپای سوودان کرد.

هێزەکانی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی گەلی سوودان، کۆنترۆڵی ناوچەی کاودایان کرد، لە ویلایەتی کۆردۆفان، ئەوان هیچ ڕێککەوتنێکی ئاشتییان لەگەڵ حکومەتی سوودان واژۆ نەکردووە.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، لەوەتەی شەڕی سوودان لە 15ی نیسانەوە دەستی پێکردووە، نزیکەی 10 هەزار هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و هەزاران کەسیش برینداربوون، هەروەها زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو کەس لە دەرەوەی پایتەخت و ئەو شارانەدا ئاوارە بوون کە شەڕ تێیدا روودەدات و زیاتر لە نیو ملیۆن کەس سنوورەکەیان بۆ وڵاتانی، میسر و چاد و سوودانی باشوور و ئیسیوپیا جێهێشتووە.

 نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ژمارەی ئاوارە و پەنابەران لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتەکە گەیشتە 2.5 ملیۆن کەس.