سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: بەنداوی بەستۆڕە سوود و قازانجێکی زۆری بۆ خەڵکی ناوچەکە دەبێت

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە رێوەڕەسمی دانانی بەردی بناغەی بەنداوی بەستۆڕە
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە رێوەڕەسمی دانانی بەردی بناغەی بەنداوی بەستۆڕە

K24 - هەولێر

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، وەک بەشێک لە ستراتیژی و پلانی حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی ئاسایشی خوراک،  بڕیاریانداوە "چەندین بەنداو بە جۆری جیاواز لە شوێنە جیاجاکانی کوردستاندا دروست بکەین لە هەموو پارێزگا و ناوچەکانی دیکەی کوردستان." دەشڵێت، "بەنداوی بەستۆڕە سوود و قازانجێکی زۆری بۆ خەڵکی ناوچەکە دەبێت". 

ئەمڕۆ شەممە 24ـی حوزەیرانی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی بەنداوی بەستۆڕە لە سنووری پارێزگای هەولێر رایگەیاند: "سەرەکیترین ئەو سوودانەی ئێمە دەتوانین لەو بەنداوانە وەربگرین، ئەوەیە ئاو گلدەینەوە بۆ مەبەستی بەکارهێنانی خواردنەوە بێت یان کشتوکاڵ، بەڵام هەندێک جار بەنداوە گەورەکان بۆ بابەتی وزە دەتوانن بەکاربهێندرێن، بابەتی کشتوکاڵیش بەهەمان شێوە وەکو ئەوەی باسم کرد. بۆ بابەتی گەشتیاریش، بەتایبەتی لەم دەڤەرە دەتوانن سوودێکی زۆر لەم جۆرە بەنداوانە وەربگرن."

دەقی گوتارەکەی سەرۆکوەزەیران مەسرور بارزانی

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێزان ئامادەبووانی هێژا

زۆر زۆر بەخێر بێن، سوپاس بۆ ئامادەبوونتان

خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێز لێرەین بۆ دانانی بەردی بناخەی پرۆژەی بەنداوی بەستۆڕە كە بە دڵنیاییەوە سوود و قازانجێكی زۆری دەبێت بۆ خەڵكی ئەم ناوچەیە. دەستخۆشی لە كۆمپانیای جێبەجێكار دەكەم و هیوادارم ئەم پرۆژەیە لە كاتی خۆی و بەو ستاندارد و مەرجانەی كە پێشتر دیاریكراون، وەك خۆیان جێبەجێ بكرێن. مایەی دەستخۆشییە كە ئەم بەنداوە بە پسپۆڕی و توانای ناوخۆیی دیزایین كراوە و جێبەجێش دەكرێت.

ئاوی ئەم چەمە لە بەهاران و زستانان، بەهۆی بارینی بەفر و باران زۆر دەبێت، بەڵام لە هاویناندا وشك دەبێت، بۆیە ئێمە پێمانوایە بە ئەنجامدانی ئەم پرۆژەیە لەم ناوچەیە، لە هەموو وەرزەكانی ساڵ دەتوانین ئاو گل بدەینەوە و ئەو بەنداوە پڕبێت لە ئاو و ئاوەدانی. هەروەك چۆن لە ساڵانی رابردوو بەستۆڕە شوێنێكی گەشتیاریی بووە بۆ خەڵكی ئەم دەڤەرە، ئێمە دیسان بتوانین پەرە بە بووژاندنەوەی ئەم ناوچەیە بدەین بۆ ئەوەی جارێكی تر جێی سوودی خەڵكی ئەم دەڤەرە بێت.

سەرەكیترین بابەت یان لەو سوودانەی كە ئێمە دەتوانین لەو بەنداوانە وەربگرین ئەوەیە كە ئاو گلبدەینەوە بۆ مەبەستی بەكارهێنانی خواردنەوە بێت یان بۆ كشتوكاڵ، بەڵام هەندێكجار بەنداوە گەورەكان بۆ بابەتی وزە دەتوانین بەكار بێنین، هەروەها بۆ بابەتی كشتوكاڵیش. بۆ بابەتی گەشتیاریش بە تایبەتی لەم دەڤەرە دەتوانن سوودێكی زۆر لەم جۆرە بەنداوانە وەربگرن. دەتوانین یارمەتیی خەڵكی ئەم دەڤەرە بدەین تاوەكو بتوانن سوود لە سامانی ماسیش وەربگرن.

وەك بەشێك لە ستراتیژ و پلانی حكومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی ئاسایشی خۆراك، ئەوە بوو ئێمە بڕیارمان دا چەندین بەنداو بە جۆری جیاواز لە شوێنە جیاجیاكانی كوردستاندا دروست بكەین لە هەموو پارێزگا و ناوچەكانی تری كوردستان. بە خۆشحاڵییەوە هەندێك لەو بەنداوانە جێبەجێ كراون، هەندێكیشیان لە جێبەجێکردندان، هەندێكیشیان دیزایینیان بۆ كراوە و بەرنامەیان بۆ دانراوە، لە داهاتوو ئینشائەڵڵا ئەوانەش جێبەجێ دەكرێن. كە دوای تەواوبوونیان ئەمانە هەموویان دەتوانن سوود و گرنگییەكی یەكجار زۆریان بۆ پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵی هەبێت، هەروەك باسم كرد بەشێك لەو بەنداوە گەورانە دەتوانن وزەش بەرهەم بهێنن.

دروستكردنی ئەم بەنداوانە كاریگەریی زۆریان لە پەرەپێدان و سەقامگیریی ئابووریش دەبێت، چونكە ئاو سامانێكی ئابووری و نیشتمانیی زۆر گرنگ و بەهادارە و ئەركی هەموومانە بەفیڕۆی نەدەین.

دروستكردنی ئەم بەنداوانە كاریگەرییەكی زۆری لە بواری پەرەپێدانی گەشتی گەشتوگوزاریش دەبێت، بە تایبەتی خەڵكی ئەم ناوچانە دەتوانن پاش ئەوەی كە بەنداوەكە دروست كرا، شتی باش لێرە دروست بكەن بۆ مەبەستی پەرەپێدان بە كەرتی گەشتوگوزاری.

بەنداوەكان دەتوانن یارمەتیدەرێكی باش بن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین ئاو گل بدەینەوە، بە تایبەتیش لەو وەرزانەی كە ئاو هەیە، لەو وەرزانەی كە ئاویش نییە، ئێمە بتوانین ئەو ئاوانەی كە لەم بەنداوانەدا گل دەدرێتەوە، دواتر بە مەبەستی جیا جیا بەكاریان بێنین.

هەندێك لە بەنداوە گەورەكانی ئێمە تەنیا سوودیان بۆ كوردستان نەبووە، وەكو بەنداوەكانی دوكان و دەربەندیخان کە سوودەكانیان بۆ هەموو ناوچەكانی تری عێراقیش هەبووە، بۆیەش ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەكەین كە حكومەتی فیدڕاڵی یارمەتیدەری حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت لە نۆژەنكردنەوەی ئەم بەنداوانە یانیش لە دروستكردنی ئەو بەنداوە نوێیانەی كە لە بەرنامەماندا هەیە.

لە كۆتاییدا جارێكی تر دەستخۆشی لە جێبەجێكارانی ئەم پرۆژەیە دەكەم، هیوادارم سەركەوتوو بن. هەروەها دەتوانم ئەوەش بڵێم كە حكومەت بە هەموو جۆرێك پشتیوانی ئێوە دەبێت تاوەكوو ئێمە بتوانین پرۆژەی هاوشێوە لە هەموو شوێنەكانی تری كوردستانیش دروست بكەین.