پۆلیسی هەرێمی کوردستان: داوا لە هاووڵاتیان دەکەین بچن چەکەکانیان تۆماربکەن

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، داوا لەهاووڵاتییان دەکەین بە گڕوتینەوە بچن چەکەکانیان تۆمار بکەن بە پێچەوانەوە چەکەکانیان بە نایاسایی و قاچاغ هەژماردەکرێت.

رۆژی شەممە (24ـی حوزەیرانی 2023)، کارزان ئەمیر غەفوور، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێمە لەماوەکانی رابردوودا مۆڵەتی یەک ساڵمان دا بەوانەی چەکیان هەیە، بچن چەکەکانیان تۆماربکەن.

بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی گشتی هەرێم داوای لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کرد ئەوانەی چەکیان هەیە بچن چەکەکانیان تۆمار بکەن، چونکە هەر چەکێک دوای ئەو وادەیە فۆڕمی نەبێت، تووشی سزای یاسایی دەبنەوە.

هەروەها کارزان ئەمیر ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا ئەوانەی خۆیان تۆماردەکەن ژمارەکە دڵخۆشکەر نییە لەلایەن ئێمەوە، بۆیە داوادەکەین خەڵک بە گڕووتینەوە بچن چەکەکانیان تۆماربکەن و ئاشکراشیکرد، ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ، هەشت لیژنە پێکدەهێنن بۆ ئەوەی بزانن ئەوانەی پێویستیان بە چەکە کامانەن، ئەوانیش دەبنە دووجۆر، مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک، مۆڵەتی هەبوونی چەک، ئەم دوو مۆڵەتەش لەیەک جیاوازن.

رۆژی (21ـی حوزەیرانی 2023) وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، به‌مه‌به‌ستی ئاسانكاریكردن بۆ هاووڵاتییان و تۆماركردنی چه‌كه‌كانیان تاكو 21ـی ته‌مموزی 2023، بە فەرمانی بەڕێز وەزیری ناوخۆ، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان 48 بنکەی نوێی تۆمارکردنی چەکی ئاگرینی کردەوە، سەرەڕای بەردەوامی کارەکانی 42 بنکەکەی پێشوو.