"لاپۆرتا ته‌نیا هه‌نگاوێك له‌ مه‌رگ دووره‌"

خوان لاپۆرتا سه‌رۆكی یانه‌ی بارسێلۆنا
خوان لاپۆرتا سه‌رۆكی یانه‌ی بارسێلۆنا

بارسێلۆنا ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ خوان لاپۆرتای سه‌رۆكی یانه‌كه‌ به‌هۆی ئه‌و زیاده‌ڕۆییه‌‌ی له‌ خواردن ده‌یكات گیانی له‌ده‌ست بدات، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش كراوه‌ پزیشكی خۆراكی بارسێلۆنا ئامۆژگارییه‌كی زۆری لاپۆرتای كردووه‌، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵه‌كانیان شكستی هێناوه‌ و تا دێت كێشی لاپۆرتا زیاد ده‌بێت.

ڕۆژنامەی ڕیلیڤۆی ئیسپانیا ئاشكرای كردووه‌، ئێستا زیادبوونی ورگی خوان لاپۆرتا بووه‌ته‌ بابه‌تی گه‌رمی میدیایه‌كان، ته‌نانه‌ت هانده‌رانی دژه‌ بارسا به‌رده‌وام له‌ سۆشیاڵ میدیا گاڵته‌ به‌ "ورگ"ـی لاپۆرتا ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: ده‌ته‌قێنه‌وه‌ ده‌ته‌قێته‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی هه‌مان سه‌رچاوه‌، ته‌نانه‌ت ئێستا لە نێو ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كارگێری گفتوگۆی گه‌رم له‌باره‌ی ورگ و ته‌ندروستی لاپۆرتا ده‌كرێت، نیگەرانییه‌كی زۆریش له‌ نێو خێزانەکەی هه‌ستپێده‌كرێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی لە دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی لاپۆرتا بۆ سەرۆکایەتی یانه‌كه‌ کێشی بە شێوەیەکی بێ وەستان زیاد ده‌بێت.

هێما بۆ ئه‌وه‌ش كراوه‌ بارودۆخی دارایی بارسێلۆنا وایكردووه‌ فشارێكی زۆری ده‌روونی بكه‌وێته‌سه‌ر، بۆیه‌ به‌بێ گوێدانه‌ هیچ شتێك زیاده‌ڕۆیی له‌ خواردن ده‌كات، ته‌نانه‌ت لاپۆرتا گوێ به‌ سیلڤیا ترێمۆلیدا پسپۆڕی خۆراکی بارسێلۆنا نادات كه‌ زۆرترین ڕێنمایی پێداوه‌ و ئاگاداری كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ته‌نیا "هه‌نگاوێك له‌ مه‌رگ دووره‌".

لاپۆرتا له‌ ساڵی 2021 وەک سەرۆکی بارسێلۆنا هەڵبژێردرایەوە، پێشتر لە نێوان ساڵانی 2003 بۆ 2010 کاری کردووە.

پێگه‌ی ریلیڤۆی ئیسپانیا به‌پشبه‌ستن به‌ راپۆرتێكی پزیشكی نێو بارسێلۆنا ئاشكرای كردووه‌ ترس هەیە کە حاڵەتی مەترسیدار بۆ سەر ژیانی لاپۆرتا دروست بێت، وەک وەستانی دڵ یان جەڵتەی مێشك، ته‌نانه‌ت كه‌سانی نزیک لە لاپۆرتا هەوڵیان داوە لە ڕادەی مه‌ترسی كێشی ورگی تێی بگه‌یه‌نن بەڵام شکستیان هێناوە.

لاپۆرتا وەرزی ڕابردوو توانی سه‌ركردایه‌تی بردنه‌وه‌ی لالیگا بكات كه‌ له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2019ـه‌وه‌ نه‌یانتوانی بوو ئه‌و نازناوه‌ ببه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی چاوه‌كان له‌سه‌ر لاپۆرتایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بارسێلۆنا گه‌ڕێنێته‌وه‌ سه‌رده‌می زێڕینی جارانی، به‌ڵام له‌پشته‌وه‌ش نیگه‌رانییه‌كی زۆر هه‌یه‌ به‌هۆی دۆخی ته‌ندروستی لاپۆرتا.

خوان لاپۆرتا سه‌رۆكی بارسێلۆنا
خوان لاپۆرتا سه‌رۆكی بارسێلۆنا
خوان لاپۆرتا سه‌رۆكی بارسێلۆنا
خوان لاپۆرتا سه‌رۆكی بارسێلۆنا