پۆلیس و ئاسایشی هەولێر پێنج کەس لە باندێک بەناوی گرووپی شەیتانەکان دەستگیر دەکەن

دەستگیرکراوەکان
دەستگیرکراوەکان

K24 – هەولێر:

هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بە هاوکاری ئاسایشی هەولێر باندێکیان دەستگیرکرد، کە لە رێگەی سۆشیال میدیاوە ئافرەتانیان هەڵخەڵەتاندنووە و بە بڵاوکردنەوەی وێنەی نەشاو هەڕەشەیان لێکردوون و ناویان لەخۆیانناوە گرووپی شەیتانەکان. 

ئالان زەندی، رۆژنامەنووس لە کوردستان24 رایگەیاند لەسەر سکاڵای هاووڵاتییەک هێزەکانی پۆلیسی هەولێر بە هاوکاری هێزەکانی ئاسایش توانیویانە باندێکی رێکخراوی تاوانکاری و هەڵخەڵاتاندنی کچان و ئافرەتان دەستگیر بکەن، کە لە رێگەی سۆشیال میدیاوە پەیوەندیان پێوەکردوون و دواتر بە بڵاوکردنەوەی وێنە نەشیاوەکانیان هەڕەشەیان لە ئافرەت و کچەکان کردووە و بۆ مەرامی خۆیان بەکاریانهێناون.

ئالان زەندی دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ئامادەبووە و بەدواداچوونی بۆ ئەو بابەتە کردووە، ئاشکرایکرد کە لەکاتی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا، ئەو تۆمەتبارانە دانیان بە تاوانەکانیان داناوە و بەدواداچوونیش بۆ دەستگیرکردنی سەرجەم تۆمەتبارەکانی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەردەوامە.

سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە، پۆلیسی هەولێر پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ باندەکە کردووەتەوە کە پێنج کەسیان لێدەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەکانیش لەوبارەیەوە بەردەوامن و رێکارە یاساییەکانیش بۆ بە سزاگەیاندنی تاوانبارەکان رێچکەی خۆی وەرگرتووە.

هاوکات بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر رایگەیاندووە، ژمارەیەکی مۆبایلیان تەرخانکردووە کە بریتییە لە (07508088080)، کە هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی ڤایبەر و واتسئاپیش پەیوەندییان پێوەبکەن بۆ هەواڵپێدان و ئاگادارکردنەوەیان لە هەر تاوانێک و رووداوێکی لەو شێوەیە و دڵنیایش دەدەن لەوەی سەرجەم رێکارەکان و بەدواداچوونەکان بە نهێنی ئەنجام دەدرێن و ناسنامە و زانیاری هەواڵدەرەکانیش پارێزراو دەبن.

هەروەها پۆلیسی هەولێر داوا لە دایک و باوکان دەکات زیاتر ئاگاداری منداڵەکانیان بن بەتایبەتی لە تەمەنی هەرزەکاری بۆ ئەوەی لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لەلایەن کەسانیترەوە فێڵیان لێنەکرێت و بۆ هیچ مەرامێک بەکارنەهێندرێن لەژێر هەڕەشەدا.

لەگەڵ ئەوەشدا، پەیامی ئەوەش دەدەن بە کچان و ئافرەتان متمانە بەو کەسانە نەکەن لە سۆشیال میدیادا دەیانناسن و داوای وێنە و زانیاری کەسییان لێدەکەن و لە ئەگەری بوونی هەر حاڵەتێکیشدا بەبێ ترس لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست.