کێ دەبێتە جێگرەوەی ڤاگنەر؟

ساتی رۆیشتنی هێزەکانی ڤاگنەر لە شاری رۆستۆڤی رووسیا
ساتی رۆیشتنی هێزەکانی ڤاگنەر لە شاری رۆستۆڤی رووسیا

K24 - هەولێر:

وەزارەتی بەرگری رووسیا گرێبەستێکی لەگەڵ هێزە تایبەتەکانی چیچان واژووکرد، ئەمەش دوای رەتکردنەوەی گرێبەستێکی هاوشێوە لەلایەن ڤاگنەرەوە و دروستبوونی گرژی لەنێوان ئەو گرووپە و سووپای رووسیادا.

"هێزەکانی ئەحمەد"ی چیچانی کە سەر بە رەمەزان قەدیرۆڤ سەرۆکی چیچانن، رەزامەندیان دەربڕی لەسەر واژووکردنی گرێبەستێک لەگەڵ وەزارەتی بەرگری رووسیا.

بەپێی گرێبەستەکە، هێزەکانی ئەحمەد بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکانی سووپای رووسیادا دەکەن، ئەمەش لەکاتێکدا یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر رەتیکردەوە گرێبەستێکی لەوجۆرە واژوو بکات و جەختی لەوەکردەوە، چەكدارانی ڤاگنەر "ملکەچی وەزارەتی بەرگری رووسیا نابن".

هێزەکانی ئەحمەد لە چوار لیوا پێكهاتووە کە رەمەزان قەدیرۆڤ، سەرۆکی چیچان لە 26ـی حوزەیرانی 2022 دایمەزراند و رایگەیاند، ئەو هێزانە ژمارەیەکی زۆری چەکداری چیچانی لەخۆ دەگرن و هاوشانی سووپای رووسیا لە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، رووبەڕووی هێزە ئۆکرانییەکان دەبنەوە.

پێش هەر شەڕێک، هێزەکانی ئەحمەد نەریت و رێورەسمی تایبەت بە خۆیان هەیە، ئەوان ناسراون بەوەی پێش شەڕەکان بە دەنگی بەرز ناوی خودا دەهێنن  و "نوێژی فەتح" دەکەن.

ئەم هێزانە بە نزیکەیی 10 هەزار چەکدار لەخۆدەگرن، کە ئەمانیش بەشێكن لە سوپای چیچان و جەنەراڵ ئاپت عەلادینۆڤ سەرکردایەتییان دەکات.

ئەو جەنەراڵە چەند جارێک باسی لەوەکردووە، ئەگەر هێزەکانی بە ئاڕاستەی هەرێمی دۆنیتسک لە ئۆکرانیا بجوڵێنێت، ئەوا هەموو شتێک دەکەن بۆ "ئازادکردنی دۆنیتسک".

هەر چوار لیواکەی هێزەکانی ئەحمەد بە نوێترین و بەهێزترین چەکی رووسی پڕچەک کراون، هەروەها تانک و ئۆتۆمبێلەکانیان نیشانەی پیتی "Z"یان لەسەرە، کە هێمای پشتیوانی هێزەکانی رووسیایە لە ئۆکرانیا.

لە 24ـی شوباتی 2022، سوپای رووسیا لەسەر فەرمانی ڤلادیمێر پوتن، هێرشی سەربازی لە وشکانی و ئاسمانی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و گرووپی ڤاگنەریش کە لە ژمارەیەکی زۆری چەکداری بەندکراو و سزادراوی پێشوو و خۆبەخش پێکدێن، شانبەشانی سەربازانی رووسیا بەشدارییەکی کارایان کرد لە جەنگەکەدا و تا راگەیاندنی هەڵگەڕانەوە بەردەوام بوون لە شەڕکردن.

درەنگانی شەوی (23ـی حوزەیرانی 2023)، یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر جەنگی دژی سوپای رووسیا و حکومەتی مۆسکۆ راگەیاند و هێزەکانیان چوونە ناو شاری رۆستۆڤ لە سنووری رووسیا و تەواوی بنکە سەربازییەکانیان کۆنترۆڵکرد.

لە بەرانبەر ئەوەشدا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، ئەوەی روودەدات خیانەتێکە و دەیانەوێت رووسیا بکەوێتە شەڕی ناوخۆ و ئاماژەی بەوەشکرد، "رووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە خیانەتە پێویستی بە کاری هەمەلایەنە هەیە و سزای تاک بە تاکی خیانتەکاران دەدەین و لەبەردەم گەل بە دادپەروەرییان دەگەیەنین".

لە وەڵامی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا کە باسی لەوەکردبوو، گروپی ڤاگنەر خیانەتییان کردووە، ئەو گرووپە رایانگەیاندووە، ئەو رێگەیەی سەرۆکی رووسیا گرتوویەتییە بەر هەڵەیە و بەمزووانە لەکارەکەی دووری دەخەنەوە و سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرن.

ئەو دۆخە نەگەیشتە 24 کاتژمێر و نووسینگه‌ی سه‌رۆكی بێلارووس بڵاویكرده‌وه‌، گرووپی ڤاگنه‌ر رازی بووه‌ دۆخه‌كه‌ له‌ رووسیا هێوربكاته‌وه‌ و چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كانی بوه‌ستێنێت ئەمەش لەسەر پێشنیازی ئه‌لێكسا‌نده‌ر لۆكاشینكۆی سەرۆکی ئەو وڵاتە بووە کە گرووپەکە پێشڕەوییەکانی بەرەو مۆسکۆ بوەستێنێت.