رووسیا رەتیدەکاتەوە پریگۆژین سزا بدات.. "ده‌چێته‌ بێلاڕووس"

ساتی بەجێهێشتنی رۆستۆڤ لەلایەن پریگۆژین، دامەزرێنەری ڤاگنەر | وێنە: AA
ساتی بەجێهێشتنی رۆستۆڤ لەلایەن پریگۆژین، دامەزرێنەری ڤاگنەر | وێنە: AA

K24 - هەولێر

دێمیتری پپێسکۆڤ، گوتەبێژی کرملین رایگەیاند، سکاڵای دژی دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەمنیی ڤاگنەر، یڤگینی پریگۆژین دادەخرێت و هیچ لێپێچینەوەیەکی لەگەڵدا ناکرێت. گوتیشی: "پریگۆژین دەچێتە بێلاڕووس".

پێسکۆڤ ئاماژەی بەوە کرد کە بە درێژای رۆژ پەیوەندی تەلەفۆنی لە نێوان ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا و ئەلێکساندر لوکاشێنکۆ، سەرۆککۆماری بێڵارووس ئەنجامدراوە و راشیگەیاند "ھەردوو سەرۆکەکە، ھاوڕابوون لەسەر ھەوڵەکانی نێوەندگیری لوکاشێنکۆ بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە. پشتیوانی لوکاشێنکۆ لەم پرسەدا بەرز دەنرخێنین".

پێسکۆڤ جەختی لەوەشکردەوە کە ئەلێکساندر لوکاشێنکۆ نزیکەی 20 ساڵە پریگۆژین دەناسێت و گوتیشی: "ئەمە داواکاری کەسیی لوکاشێنکۆ بوو. ئەمە داواکارییەش لەلایەن پوتینەوە قبوڵکرا. سوپاسی سەرکۆماری بێڵارووس دەکەین لەمەڕ چارەسەرکردنی کێشەکە بە بێ زیان و بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەکە".

پێسکۆڤ ئاشکراشی کرد کە چاودێری ئەو جەنگاوەرانەی ڤاگنەر ناکرێت کە بەشداریان لە یاخیبوونەکەدا کردووە و رێزیان لێدەگیرێت بەھۆی ئەو قارەمانێتییەی کە لە پێکدادانەکاندا نیشانیان داوە.

گوتەبێژی کرملین لەبارەی چارەنووسی پریگۆژین (دامەزرێنەری ڤاگنەر) گوتی: "سکاڵای دژی پریگۆژین دادەخرێت، پریگۆژین دەچێتە بێلاڕووس".

یاخیبوونی گرووپی ڤاگنەر لە حکومەتی رووسیا

ئێوارەی رۆژی هەینی 23ـی حوزەیرانی 2023، یەڤگینی پریگۆژین، دامەزرێنەری کۆمپانیای ئەمنیی ڤاگنەر، وەزیری بەرگریی رووسیا و سوپای ئەو وڵاتە بەوە تۆمەتبار کردبوو کە ھێرشی کردووەتە سەر سەربازەکانی و هەزاران سەربازی کوشتووە. هاوکات ڤاگنەر ھەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کرد.

دوێنێ شەممە 24ـی حوزەیرانی 2023، چەکدارانی ڤاگنەر کە ژمارەیان نزیکەی 25 هەزار کەس بوو، ئۆکراینایان جێھێشتبوو و چووبوونە نێو ناوچەی رۆستۆڤ لەسەر سنووری نێوان ئۆکرانیا و رووسیا. لە بەرامبەر ئەمەدا دەزگای ئاسایشی فیدراڵی رووسیا، بە تاوانی "یاخیبوونی چەکداریی" سکاڵای تۆمارکردبوو.

دواتر ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە گوتارێکدا یاخیبوونەکەی ڤاگنەری بە "خیانەتکردنی لە گەلی رووسیا و نیشتمان" ناوبرد و رایگەیاند، هەموو ئەوانەی بەشدارییان لەو هەلگەڕانە سەربازییەدا کردووە، سزا دەدرێن.

ئێوارەی شەوی رابردوو، یەڤگینی پریگۆژین رایگەیاند، بەرەو مۆسکۆی پایتەختی رووسیا دەچن و لەبەرامبەدا کۆشکی کرملین لە زۆر ناوچەی وڵاتەکە رێکارە ئەمنییەکانی زیادکردبوو.