سووریا... لە بۆسەیەکدا چوار ئەندامی هێزەکانی ئاسایش کوژران

K24 - هەولێر

لە شاری دەرعای سووریا بەهۆی بۆسەیەکی چەکداران چوار ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریا کوژران.

ئاژانسی هەواڵی "سانا"ی سووریا، لە زاری سەرچاوەیەکی فەرماندەیی پۆلیسی دەرعا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ی حوزەیرانی 2023، چوار ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە بۆسەیەکی چەکداریدا لە شارۆچکەی موزەیریب لە گوندەکانی رۆژئاوای دەرعا کوژراون.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، بەئامانجگرتنی هێزەکانی ئاسایش لە کاتێکدا بووە کە کارمەندان لە رێگادا بوون بۆ پاسەوانیکردنی ناوەندەکانی تاقیکردنەوەکان لە شاری تەفاس.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ پێشتر رایگەیاندبوو، چەکدارەکان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێک کردووە، کە ئەفسەرانی پۆلیسی تێدابووە لە نزیک بازنەی وشتر لەسەر رێگای موزەیریب.

بەگوێرەی روانگەی سووری، لە سەرەتای مانگی یەکەوە، بەهۆی بەئامانجگرتنەکان لە دەرعا، 254 رووداوی جیاواز روویانداوە و لە ئەنجامدا 197 کەس گیانیان لەدەستداوە.