شاندێکی حکومەتی عێراق بۆ بەردانەوەی ئاو دەچێتە تورکیا

K24 - هەولێر

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، شاندێکی حکومەت لە تورکیایە بۆ بەردانەوەی ئاوی زیاتری رووباری فورات لە لایەن تورکیاوە بۆ عێراق.

خالید شەماڵ، بەڕێوەبەری گشتی ئاودێری و پرۆژەکانی چاککردنەوە و گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیەی راگەیاند "شاندێکی تەکنیکی عێراقی هەیە کە چەند رۆژێکە لە تورکیایە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشەی ئاو".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئێستا دۆخی رووباری فورات سەخت و ئاڵۆزە، پێویستە ئاوی رووباری فورات لەلایەن تورکیا و سووریاوە بەر بدرێتەوە".

راشێگەیاند "رووباری فورات لە دوو شوێنەوە دێت، یەکەمیان بەنداوی حەدیسەیە کە  کۆگا کردنی ئاو لە بەنداوەکە بۆ ماوەیەکی زۆر کەمە و ناتوانرێت بۆ ماوەیەکی زۆر بەکاربهێنرێت، دووەمیشیان، دەریاچەی "سەرسارە"ەوە دابین دەکرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، گوتیشی: "ئێستا دەریاچەی سەرسار نزیکەی 70 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا بەرەو رووباری فورات دەڕوات".

خالید شەماڵ روونیشیکردەوە، "هەندێک ناوچەی دەریاچەکان لە وەرزی هاویندا 5 هێندە کەمدەبێتەوە، هەر ئەم رووبەرەش لە ماوەی لافاوەکانی بەهاردا 5 هێندە زیاد دەکات.

ئەوەشی خستەڕوو: "وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو لە ساڵی 2003ەوە سەنتەرێکی بە ناوی سەنتەری بوژاندنەوەی دەریاچەکان دامەزراندووە، کە ئەرکی بەڕێوەبردن و پاراستنی چەندین پڕۆژەی لە ئەستۆدایە".