پەرلەمانی عێراق لێکۆڵینەوە لە دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆیەکی هیندستان دەکات؛ "هەڵگری بڕوانامەی ساختەن"
K24 - هەولێر
دوای ئەوەی زانکۆیەکی هیندستان رایگەیاند، حکومەتی عێراق ژمارەیەک قوتابی، کە خۆیان وەکو دەرچووی زانکۆکە ناساندووە، دامەزراندووە. لیژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئاگاداری بابەتەکەن و لێکۆڵینەوەی لێ دەکەن.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا زانکۆی "ناگبوور"ـی هیندستان لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، حکومەتی عێراق 26 قوتابی دامەزراندووە، کە خۆیان وەکو دەرچووی زانکۆکەیان ناساندووە، لە کاتێکدا هەڵگری "بڕوانامەی ساختەن" و خوێندنەکەیان تەواو نەکردووە.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئەو زانکۆیەی هیندستان ئاماژەی بەوەش داوە، ئەو 26 قوتابییە لە "بڕوانامە ساختەکانیاندا" خۆیان وەکو دەرچووی ساڵانی 2020-2021 ناساندووە، کەچی "بەهۆی پەتای کۆرۆناوە" ئەو ماوەیە پڕۆسەی خوێندن وەستابوو و ئەو قوتابییانە دەوامیان نەکردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی حوزەیرانی 2023، نەهلە قادر محەممەد، ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24 گوت، هەواڵەکەیان لە نێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بینیوە و لیژنەیەکیان بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستی و دروستی بابەتەکە پێکهێناوە.
لەبارەی ئەوەی، کەی لیژنەکە دەست بە کارەکانی دەکات، بەگوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی خوێندنی باڵای پەرلەمانی عێراق لیژنەکە "دوای جەژنی قوربان" دەست بە کارەکانی دەکات و دواتر ئەنجامەکان بۆ ڕای گشتیی دەخرێنەڕوو.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە 15ی ئایاری 2023، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگهیاند، محهمهد شیاع سوودانی، سهرۆكی ئهنجوومهنی وهزیران دهستپێكردنی ستراتیژیهتی نیشتیمانی بۆ پهروهرده و فێركردن (2022-2023) وپلانی ناردنی پێنج ههزار قوتابی بۆ خوێندنی باڵا له دهرهوهی عێراق له بوار و تایبهتمهنده جیاجیاكان راگهیاند.