بلینکن: هەڵگەڕانەوەی ڤاگنەر درزەکانی دەسەڵاتی کریملن دیاردەخات
K24 – هەولێر:
وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا دەڵێت، هەڵگەڕانەوەی ڤاگنەر، درزەکانی دەسەڵاتی کریملن دیاردەخات.
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمهریکا رایگەیاند، هەوڵی هەڵگەڕانەوەی گرووپی ڤاگنەر بەسەر رووسیا، درزەکانی دەسەڵاتی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ئەو وڵاتەی دەرخست.
ئاشکراشیدەکات، کێشەی نێوان ڤاگنەر و دەسەڵاتدارانی رووسیا کۆتایی نەهاتووە.
درەنگانی شەوی (23ـی حوزەیرانی 2023)، یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر جەنگی دژی سوپای رووسیا و حکومەتی مۆسکۆ راگەیاند و هێزەکانیان چوونە ناو شاری رۆستۆڤ لە سنووری رووسیا و تەواوی بنکە سەربازییەکانیان کۆنترۆڵکرد.
لە بەرانبەر ئەوەشدا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، ئەوەی روودەدات خیانەتێکە و دەیانەوێت رووسیا بکەوێتە شەڕی ناوخۆ و ئاماژەی بەوەشکرد، "رووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە خیانەتە پێویستی بە کاری هەمەلایەنە هەیە و سزای تاک بە تاکی خیانتەکاران دەدەین و لەبەردەم گەل بە دادپەروەرییان دەگەیەنین".
لە وەڵامی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا کە باسی لەوەکردبوو، گروپی ڤاگنەر خیانەتییان کردووە، ئەو گرووپە رایانگەیاندووە، ئەو رێگەیەی سەرۆکی رووسیا گرتوویەتییە بەر هەڵەیە و بەمزووانە لەکارەکەی دووری دەخەنەوە و سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرن.
ئەو دۆخە نەگەیشتە 24 کاتژمێر و نووسینگهی سهرۆكی بێلارووس بڵاویكردهوه، گرووپی ڤاگنهر رازی بووه دۆخهكه له رووسیا هێوربكاتهوه و چالاكییه سهربازییهكانی بوهستێنێت ئەمەش لەسەر پێشنیازی ئهلێكساندهر لۆكاشینكۆی سەرۆکی ئەو وڵاتە بووە کە گرووپەکە پێشڕەوییەکانی بەرەو مۆسکۆ بوەستێنێت.