ترەمپ: ئهگهر ببمهوه به سهرۆككۆمار، لهماوهی 24 كاتژمێردا چارهسهری جهنگی ئۆكرانیا دهكهم
K24 - هەولێر:
دەربارەی ههڵگهرانهوهی گرووپی ڤاگنەر لە دەسەڵاتی مۆسکۆ، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمهریکا رایگەیاند، لە رووسیا پشێوییەکی گەورە هەیە. گوتیشی: "ئهگهر دووباره ههڵبژێردرێمهوه، لهماوهی 24 كاتژمێر چارهسهری جهنگی ئۆكرانیا دهكهم".
ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان رەوشی رووسیای هەڵسەنگاند و رایگەیاندووه، لە رووسیا پشێوییەکی گەورە هەیە، دەشێت رەوشەکە زۆر خراپتر بێت.
ترەمپ هەڵمەتی بانگەشەی بۆ هەڵبژاردنەکانی 2024 دەستپێکردووە، بەڵێنی ئەوە دەداتە دەنگدەرانی کە ئەگەر هەڵبژێردرێت لە ماوەی 24 کاتژمێردا چارەسەری جەنگی ئۆکرانیا دەکات.
لە 24ـی شوباتی 2022، سوپای رووسیا لەسەر فەرمانی ڤلادیمێر پوتن، هێرشی سەربازی لە وشکانی و ئاسمانی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و گرووپی ڤاگنەریش کە لە ژمارەیەکی زۆری چەکداری بەندکراو و سزادراوی پێشوو و خۆبەخش پێکدێن، شانبەشانی سەربازانی رووسیا بەشدارییەکی کارایان کرد لە جەنگەکەدا و تا راگەیاندنی هەڵگەڕانەوە بەردەوام بوون لە شەڕکردن.
درەنگانی شەوی (23ـی حوزەیرانی 2023)، یەڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر جەنگی دژی سوپای رووسیا و حکومەتی مۆسکۆ راگەیاند و هێزەکانیان چوونە ناو شاری رۆستۆڤ لە سنووری رووسیا و تەواوی بنکە سەربازییەکانیان کۆنترۆڵکرد.
لە بەرانبەر ئەوەشدا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، ئەوەی روودەدات خیانەتێکە و دەیانەوێت رووسیا بکەوێتە شەڕی ناوخۆ و ئاماژەی بەوەشکرد، "رووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە خیانەتە پێویستی بە کاری هەمەلایەنە هەیە و سزای تاک بە تاکی خیانتەکاران دەدەین و لەبەردەم گەل بە دادپەروەرییان دەگەیەنین".
لە وەڵامی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا کە باسی لەوەکردبوو، گروپی ڤاگنەر خیانەتییان کردووە، ئەو گرووپە رایانگەیاندووە، ئەو رێگەیەی سەرۆکی رووسیا گرتوویەتییە بەر هەڵەیە و بەمزووانە لەکارەکەی دووری دەخەنەوە و سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێرن.
ئەو دۆخە نەگەیشتە 24 کاتژمێر و نووسینگهی سهرۆكی بێلارووس بڵاویكردهوه، گرووپی ڤاگنهر رازی بووه دۆخهكه له رووسیا هێوربكاتهوه و چالاكییه سهربازییهكانی بوهستێنێت ئەمەش لەسەر پێشنیازی ئهلێكساندهر لۆكاشینكۆی سەرۆکی ئەو وڵاتە بووە کە گرووپەکە پێشڕەوییەکانی بەرەو مۆسکۆ بوەستێنێت.