گوتەبێژی یەکێتی بۆ کوردستان24: لەگەڵ پارتی تاوتوێی هەموو کێشە و گرفتەکان دەکەین

سۆران جه‌مال تاهیر، گوته‌بێژی یه‌كێتی
سۆران جه‌مال تاهیر، گوته‌بێژی یه‌كێتی

K24 – هەولێر:

وابڕیارە سبەی دووشەممە لە هەولێر هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆببنەوە و گوتەبێژی یەکێتیش ئاشکرایکرد، لە کۆبوونەوەکەیان تاوتوێی باردوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق و پەیوەندییەکانی نێوانیان دەکەن.

رۆژی (25ـی حوزەیرانی 2023)، سۆران جەمال تاهیر، گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، سبەی دووشەممە کاتژمێر 11ـی پێش نیوەڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە شاری هەولێر، لەگەڵ شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبنەوە.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەش، گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، لەسەر بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق و تاوتوێکردنی  هەموو کێشە و گرفتەکان و دانانی بەرنامەی چارەسەر لەسەر بنەمای لێکتێگەشتن و سازان لەگەڵ پارتی کۆدەبنەوە.

هاوکات جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیان باس لە گرنگیدان بە پەیوەندی نێوان هەردوولایان دەکەن.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، شاندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی و بە ئەندامیەتی جەعفەر شێخ مستەفا، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و شاڵاو عەلی عەسکەری دەبێت، هەروەها شاندی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی و بە ئەندامیەتی فوئاد حسێن، مەحموود محەممەد و سیداد بارزانی دەبێت.

پێشتریش کوردستان24 بڵاویکردەوە، سبەی دووشەممە (26ـی حوزەیرانی 2023)، لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە شاری هەولێر، هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە تەوەرەکانی کۆبونەوەکە تایبەتە بە پرسی هەڵبژاردن و پەیوەندییەکانی هەردوولا و پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا.

دوایین کۆبوونەوەی نێوان هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە رۆژی یەکشەممە (21ـی ئایاری 2023)، لە پیرمام بۆ تاوتوێکردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و پرسی پێکهاتەکان ئەنجامدرا.

هەروەها دوای دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی لە (11ـی ئایاری 2023)، بۆ گفتوگۆ و یەکخستنەوەی نێو ماڵی کورد، کۆبوونەوە و دانوستان لە نێوان لایەنەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی هاتە ئاراوە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە نزیکترین کاتدا ئەنجامبدرێت. لەو چوار چێوەیەشدا رۆژی هەینی (19ـی ئایاری 2023)، هەردوو بەشی هەڵبژاردنی پارتی و مەکتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی کۆبوونەوە.

دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە (30ـی ئایاری 2023) لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە ئێستادا لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تاوتوێی دیاریکردنی رۆژێکن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە بەهۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق لە (18ـی کانوونی دووەمی 2023) و کۆتایی هاتنی ماوەی یاسایی کارکردنی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنەکە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیارینەکراوە.

رۆژی چوارشەممە (21ـی حوزەیرانی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای پێشوازیکردنی لە جینین هێنس پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە تویتێکدا رایگەیاند، "خەڵک مافی هەڵبژاردنی هەیە، لەگه‌ڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، باسمان له‌ ئاماده‌كارییه‌كان و پشتیوانی له‌مباره‌یه‌وه‌ كرد".