ئه‌ردۆغان مه‌رج بۆ ئه‌ندامبوونی سوید له‌ ناتۆ داده‌نێت

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان - فۆتۆ: AA
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان - فۆتۆ: AA

K24 – هەولێر:

سەرۆکكۆماری تورکیا رێگریکردن لە خۆپیشاندانەکانی لایەنگرانی پەکەکە ده‌كاته‌ مه‌رج بۆ ئه‌ندامبوونی سوید له‌ ناتۆ.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکكۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ یێنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ رایگەیاند، پێویستە سوید خۆپیشاندانی لایەنگرانی چەکدارەکانی پەکەکە لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی ئەو وڵاتە بوەستێنن، بۆ ئەوەی تورکیا گلۆپی سەوزیان بۆ بوون بە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ بۆ هەڵبکەن.

لە راگەیه‌ندراوێکدا سەرۆکایەتی تورکیا بڵاویکردەوە، ئەردۆغان بە سكرتێری ناتۆی راگەیاندووە، تورکیا هەنگاوی بونیادنەری بۆ پرۆسەی بە ئەندامبوونی سووید ناوە، بەڵام گۆڕانکارییەکانی ئەو وڵاتە لە یاسای تیرۆر بۆ جێبەجێکردنی داواکانی ئەنقەرە بێمانابوونە، چونکە پشتیوانانی پەکەکە خۆپیشاندان لەو وڵاتە رێکدەخەن.

سوید لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوودا لەگەڵ فینلەندا داوایان کرد ببنە ئەندام لە ناتۆ بەهۆی شەڕی رووسیا لە دژی ئۆکرانیا، تورکیا چەند مانگێکە رەتی دەکاتەوە بە پاساوی ئەوەی سوید هەڵوێستی خۆی لە دژی "ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان" دەرنەبڕیوە، لە بەرامبەردا فینلەندا داواکارییەکەی پەسەندکرا و لە سەرەتای مانگی چوارەوە بووە ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکە.