ئاسایشی هەولێر چەند تیمێکی گەڕۆک لەبری بازگەی کاتی پێکدەهێنێت

یەکێک لە تیمە گەڕۆکەکانی ئاسایشی هەولێر
یەکێک لە تیمە گەڕۆکەکانی ئاسایشی هەولێر

K24 – هەولێر:

لەپێناو زیاتر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری شاری هەولێر، بۆ یەکەمینجار بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە رێگەی پێکهێنانی چەند تیمێکی گەڕۆکەوە چاودێری هاوتووچۆ و جوڵەی ئۆتۆمبێل و شوێنە گشتییەکان دەکەن.

کوردستان24 بەدواداچوونێکی بۆ کارەکانی ئەو تیمە گەڕۆکانەی ئاسایشی هەولێر کردووە، کە بە بەکارهێنانی کامێرا و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، ئەو تیمانە ئەرکی چاودێریکردنی و پشکنین ئەنجام دەدەن و بەپێی ئەو سیستەمە نوێیە، تیمە گەڕۆکەکانی ئاسایش لە رێگەی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلێکەوە کە بە سیستەمێکی پێشکەوتووی چاودێری ئامادەکراوە، توانای ئاشکراکردن و ناسینەوەی تابلۆی ئۆتۆمبێلە گومانلێکراوەکانی هەیە.

ئەفسەرانی بەشی جموجۆڵی ئاسایشی هەولێر جەخت لەوە دەکەنەوە، لەو رێگەیەوە هەوڵی زیاتر کۆنترۆڵکردنی ئاسایشی شار و پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی رێژەی تاوان دەدەن.

هاوکات ئەم هەنگاوەی ئاسایشی هەولێر دەبێتە جێگرەوەی بازگە کاتییەکان کە پێشتر لە شەقام و شوێنە گشتییەکان دادەنران و دەبووە هۆی دروستبوونی قەرەباڵەغی و پێویستبوونی کاتی زیاتر بۆ پشکنین و بەدواداچوون بۆ گەڕان بەدوای گومانلێکراوان و داواکراوان، هەروەها لە رێگەی تەکنەلۆژیا سەردەمییەکانەوە بەشێوەیەکی ئاسانتر و وردتر، گەڕان و پشکنین بۆ هەر حاڵەتێکی گومانلێکراو دەکرێت و بە پاڵپشتی هێزەکان دەستبەجێ رێکاری پێویست دەگیرێتەبەر.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئاسایشی هەولێر بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانە نوێیە، دوو تیمی پێکهێناوە کە راهێنانی تەواویان لەسەر بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆژیا و سیستەمی پشکنین و بەدواداچوونە ئەنجامداوە و نزیکە 15 بۆ 20 ئۆتۆمبێلی تایبەتیش بۆ ئەو پرۆسەیە ئامادەکراوە.

لەلایەن خۆیەوە، موقەدەم هاوار خەیلانی، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەگەڵ نزیک بوونەوەی جەژنی قوربانی پیرۆز و بەهۆی قەرەباڵەغی لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، بۆ یەکەمینجار ئەو تیمانەیان بڵاوەپێکردووە و کاردەکەن لە رێگەی کامێراکانی چاودێری و سیستەمی ئامادەکراوە لەناو ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان، وێڕای چاودێریکردن، توانای تۆمارکردنی روودا و حاڵەتەکانیشیان هەیە، لە ئەگەری روودانیاندا.