پارتی و یەکێتی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشە و گرفتەکان کۆدەبنەوە

پارتی و یەکێتی
پارتی و یەکێتی

K24 – هەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ شاندی پارتی و یەکێتی بۆ تاوتوێکردنی کێشەکان و گرفتەکانی پەیوەست بە بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق و پەیوەندییەکانی نێوانیان لە هەولێر کۆببنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، کۆبوونەوەکە لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر دەکرێت، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە دەبن.

سۆران جەمال تاهیر، وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە کاتژمێر 11ـی پێش نیوەڕۆ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە شاری هەولێر، لەگەڵ شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبنەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق و کێشە و گرفتەکان و دانانی بەرنامەی چارەسەر لەسەر بنەمای لێکتێگەشتن و سازان تاوتوێ دەکرێن.

وتەبێژی یەکێتی راشیگەیاند، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیان باس لە گرنگیدان بە پەیوەندی نێوان هەردوولایان دەکەن.

دوایین کۆبوونەوەی نێوان هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە رۆژی یەکشەممە (21ـی ئایاری 2023)، لە پیرمام بۆ تاوتوێکردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و پرسی پێکهاتەکان ئەنجامدرا.

 

هەروەها دوای دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی لە (11ـی ئایاری 2023)، بۆ گفتوگۆ و یەکخستنەوەی نێو ماڵی کورد، کۆبوونەوە و دانوستان لە نێوان لایەنەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی هاتە ئاراوە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە نزیکترین لە وادەی دیاریکراودا ئەنجامبدرێت. لەو چوار چێوەیەشدا رۆژی هەینی (19ـی ئایاری 2023)، هەردوو بەشی هەڵبژاردنی پارتی و مەکتەبی هەڵبژاردنی یەكێتی کۆبوونەوە.