کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە هەولێر دەستیپێکرد

کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی - 26/6/2023 - بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر
کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی - 26/6/2023 - بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر

K24 – هەولێر

کەمێک پێش ئێستا شاندێکی مەکتەبی سیاسی پارتی گەیشتە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر و کۆبوونەوەی نێوان شاندی هەردوولا بۆ گفتوگۆکرن لەسەر چەند پرسێکی هەنوکەیی دەستیپێکرد.

شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهاتوون لە فازڵ میرانی، سیداد بارزانی، هوشیار زێباری، فوئاد حوسێن، مەحموود محەممەد، رێبوار یەڵدا و زاگرۆس فەتاح، هەروەها شاندی یەکێتی پێکهاتووە لە بافڵ تاڵەبانی، جەعفەر شێخ مستەفا، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و شاڵاو عەلی عەسکەری.

لەکاتی گەیشتنی شاندی پارتی بۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی، لەلایەن قوباد تاڵەبانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی پێشوازیان لێکرا.

نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 لە شوێنی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەیەی پارتی و یەکێتی، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیانە، هەروەها گفتوگۆکردنە لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەمە لەکاتێکدایە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشتر ئامادەیی دەربڕی بوو بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام ئێستا دەڵێت، بەهۆی لێک نزیکی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ناتوانن لە کاتی دیاریکراودا سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن.

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی باسکردن دەبێت لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق.