سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و سكرتێرى ده‌وڵه‌ت له وه‌زاره‌تى ئابووريى ئه‌ڵمانيا، هاريكاريى هاوبه‌ش تاووتوێ ده‌كه‌ن
K24 – هەولێر:
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سكرتێری ده‌وڵه‌ت له وه‌زاره‌تی ئابووری ئه‌ڵمانیا، تاووتوێی هاریكاری هاوبه‌ش، گۆڕانی كه‌شوهه‌وا، كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاو و پرسی وشكه‌ساڵیان كرد.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 26ـی حوزه‌یرانی 2023، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و خاتوو فرانسيسكا برانتنه‌ر سكرتێرى ده‌وڵه‌ت له وه‌زاره‌تى ئابووريى ئه‌ڵمانيا، گفتوگۆیان له‌باره‌ی پرسی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا، كه‌مبوونه‌وه‌ى ئاو، وشه‌كه‌ساڵى و به‌بیابان بوونیان كرد، كه هه‌موو ئه‌وانه وا ده‌كه‌ن عێراق پێويستييان به پشتيوانى و يارمه‌تى و شاره‌زاییی ده‌ره‌کی هه‌بێت.
هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى هه‌بوونى به‌رنامه‌يه‌كى تۆكمه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و ئاڵنگارییانه له عێراق و له‌مباره‌يه‌وه جه‌ختيان له پێويستى و گرنگيى يارمه‌تيدانى عێراق كرده‌وه، به‌تایبه‌تی له بواری وزه‌ی نوێ و که‌مکردنه‌وه‌ی پشتبه‌ستن به نه‌وت و هاندانی که‌رتی تایبه‌ت و وه‌به‌رهێنانی ئه‌ڵمانی له عێراق و هه‌رێمی کوردستان.