ژمارەیەکی نوێی گۆڤاری کوردستان کرۆنیکڵ بە پاشکۆی ئینڤێست کوردستانەوە بڵاوکرایەوە

ژمارە چواری گۆڤاری کوردستان کرۆنیکڵ
ژمارە چواری گۆڤاری کوردستان کرۆنیکڵ

K24 – هەولێر:

 ژمارە چواری ساڵی یەکەمی گۆڤاری کوردستان کرۆنیکڵ بە کۆمەڵێک بابەتی نوێ و جۆراوجۆرەوە کەوتە بەر دیدی خوێنەران کە پاشکۆیەکی تایبەتی لەگەڵدا چاپکراوە تایبەتە بە وەبەرهێنان لە کوردستان.

گۆڤاری کوردستان کرۆنیکڵ، گۆڤارێکی مانگانەی بێلایەنە، بە زمانی ئینگلیزی لە هەرێمی کوردستان دەردەچێت و گرنگی دەدات بە بابەتە گرنگە سیاسی، کەلتووری، مێژوویی، بازرگانی و زۆر بابەتی دیکەی هەمەلایەن لە هەرێمی کوردستان. هاوکات رۆژانەش لە ماڵپەڕەکەیانەوە، بابەتی نوێ بڵاودەکەنەوە.

لە نوێترین ژمارەی گۆڤارەکەدا، 32 دۆسیەی گرنگ و بابەتی تایبەت لەلایەن دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکە هەروەها ژمارەیەک لە رووناکبیران، خاوەنکار و شارەزایانی ئایینی نووسراوە کە پەیوەندیدارن بە چەندین بواری جیاوازی هەرێمی کوردستانەوە.

ئامانج و دیدگای گۆڤاری کرۆنیکڵ کارکردنە لەسەر گەیاندنی بابەتی و پیشەییانەی پرسەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان بە خوێنەرانی لە ناوچەکە و سەرانسەری جیهان، بەشێوەیەک سەرنج دەخاتە سەر کلتوور و مێژوو کوردستان و هەوڵ دەدات ببێتە سەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی خەڵک لە هەموو پاشخانە جیاوازەکانەوە بە مەبەستی زیاتر شارەزابوون لە ئەزموونەکانی یەکتر و ئەنجامدانی گفتوگۆی بەسوود و مانادار.

لە ژمارە چواری گۆڤاری کوردستان کرۆنیکڵ بابەتێکی تایبەت بە کردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی ئامادەکراوە کە لەگەڵ باسکردنی ناوەڕۆکی رێورەسمی فەرمی کردنەوەی یادگەکە لە (11ـی ئایاری 2023)، بەتایبەتیش گوتارەکەی سەرۆک بارزانی کە لە رێورەسمەکەدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان و نوێنەری دیپلۆماسی وڵاتانی جیهان پێشکەشیکرد، باس لە خەباتی مەلا مستەفا بارزانی و بەش و پێکهاتەکانی یادگە نیشتمانییەکە کراوە، وەک هێمای پێکەوەژیانی ئایینی و مێژووی خەباتی کورد.

هاوکات بەبۆنەی راگەیاندن و ناساندن بڕاند و ماڵپەڕی ئینڤێست کوردستان لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، گۆڤاری کوردستان کرۆنیکڵ پاشکۆیەکی تایبەتی بەناونیشانی "ئینڤێست کوردستان" بڵاوکردووەتەوە، چەندین بابەتی تایبەت بە وەبەرهێنان و سێکتەرەکانی ئەو بوارە خستووەتە ڕوو.

پاشکۆی ژمارە چواری گۆڤاری کوردستان کرۆنیکڵ
پاشکۆی ژمارە چواری گۆڤاری کوردستان کرۆنیکڵ