بەرپرسێکی یەکێتی لە کەرکووک: لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە کورد لە کەرکووک تووشی شکستی ئیداری و سیاسی بووە

K24 – کەرکووک:

لە کەرکووک لایەنە سیاسیەکان نەگەیشتوون بەڕێککەوتن تاوەکو بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا بکەن. لێپرسراوی بەشی هەڵبژاردنی یەکێتی لە کەرکووک دەڵێت، لەدوای 16 ئۆکتۆبەر کورد تووشی شکستی ئیداری و سیاسی هاتووە و ئەوەی ماوەتەوە تەنها هەڵبژاردنە.

عەلی قەڵایی، لێپرسراوی بەشی هەڵبژاردنی یەکێتی لە کەرکووک، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، گفتوگۆکانیان بەردەوامن و تاکو ئێستاش لایەنێکی سیاسی لە کەرکووک بڕیاریداوە لەگەڵ یەکێتی بە هاوپەیمانێتییەک بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکات.

دەشڵێن: لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە کورد لە کەرکووک  توشی شکستی ئیداری و سیاسی بووە، هەروەها فرە لیستی مەترسییەکی گەورەیە لەسەر کەرکووک و تەنها هەڵبژاردن کۆتای بەو باردۆخە سەربازی و ئیداریە سەپێندراوەیەی کەرکووک دەهێنێت کەچەند ساڵێکە گیرۆدەی بووە.

لەلایان خۆیەوە، رێباز عەلی، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی کۆمەڵی دادگەری، گوتی: "رێککەوتن نەکراوە بۆ هاوپەیمانی و ئەگەر بەمشێوەیەش بەشداریبکەین تووشی زەرەر دەبین".

بڕیارە لەرۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش لە 1ـی تەمموزەوە بۆ ماوەی یەک مانگ دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ حزب و هاوپەیمانێتییەکان دەکاتەوە.

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە درێژایی مانگی تەمووز ناوی پارتە سیاسی و هاوپەیمانێتییە نوێیەکان تۆماردەکەن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە بڕیارە لە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، لە رابردوودا 269 پارتی سیاسی لە کۆمیسیۆن تۆمارکرابوون، ئێستاش بە میکانزمی نوێ و پێدانی بڕی 5 ملیۆن دینار حزبەکان ناوی خۆیان نوێدەکەنەوە لە کۆمیسیۆن، هەروەها هەڵبژاردنەکان بە سیستمی سانت لیگۆ بەڕێوەدەچێت و بە تەواوی پشت دەبەستێت بە یاسایی هەمواری سێیەمی هەڵبژاردنەکانی عێراق.