دوای بەدواداچوونێکی کوردستان24: دوو تۆمەتباری دیکەی باندێکی هەڕەشەکردن لە ئافرەتان دەستگیرکران

دوو تۆمەتبارەکە دوای دەستگیرکردنیان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر
دوو تۆمەتبارەکە دوای دەستگیرکردنیان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر

K24 – هەولێر:

دوای دوو رۆژ لە دەستگیرکردنی پێنج تۆمەتباری باندێکی هەڵخەڵەتاندن و هەڕەشەکردن لە کچان و ئافرەتان لەلایەن هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بە هاوکاری ئاسایشی هەولێر، دوو تۆمەتباری دیکەش دەستگیکران.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە دەستگیرکردنی ئەو باند و گرووپانە بەردەوامن کە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەی نەشیاو و گرتەی سێکسی لە کچان و ژنان دەکەن، ئەمڕۆ (26ـی حوزەیرانی 2023)، دوو تۆمەتباری دیكەیان دەستگیرکرد كە لەگەڵ باندێکی گەورەی قۆڵبرینی کچان و ژنان کاریان کردووە.

هاوکات کچێکی تەمەن 24 ساڵان کە یەکێکە لە قوربانیانی دەستی ئەو باندە، چیرۆکی هەڕەشە لێکردنەکانی و بەکارهێنانی لەلایەن تۆمەتبارێکی ئەو باندەوە بۆ کوردستان24 دەگێڕێتەوە، دوای ئەوەی لە پۆلیسی هەولێر سکاڵای تۆمارکردووە.

شەیما بایز، پەیامنێری کوردستان24 بەدواداچوونی زیاتر بۆ ئەو دۆسیەیە دەکات کە پێشتر کوردستان24 کاری لەسەر کردووە، دیمەنی هێنانی دوو تۆمەتباری دیکەی باندێکی گەورە بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێری تۆمارکردووە كە بەگوێرەی سکاڵا و بەڵگەکان، پێشتر بە ئاشکرا ببوونە هەڕەشە بۆ سەر ئافرەتان.

بەپێی دانپێدانانی ئەندامانی باندەکە، ئەو دوو تۆمەتبارەی بەشێکن لە باندێکی گەورە، فێلیان زیاتر لە  10 كچ و ژن كردووە پێش ئەوەی قۆڵبەست بکرێن و هەردوو تۆمەتبارەکەش تەمەنیان لە نێوان 25 بۆ 29 ساڵی دەبێت، بە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەو ڤیدیۆی نەشیاو و هەڕەشەی کوشتن تۆمەتبارن .

لەمیانی بەدواداچوونەکەیدا، شەیما بایز، پەیامنێری کوردستان24 لەگەڵ کچێکی تەمەن 24 ساڵان بە ناوی (س. ن.) قسەدەکات، ئەو چیرۆکی پێنج ساڵ لەژیانی خۆی دەگێڕێتەوە کە لە کۆتاییدا بۆی دەرکەوتووە، ئەو کوڕەی پێیوابووە خۆشیدەوێت، ئەوی تەنیا بۆ تێرکردنی حەز و ئارەزووەکانی ویستووە و کاتێک ویستوویەتی وازبهێنێت، رووبەڕووی هەڕەشەکردن بووەتەوە.

ئەو کچە دوای ماوەیەک لە شاردنەوەی هەڕەشەکان و بێدەنگی، وەک خۆی دەڵێت، "بەهۆی ترس لە پاراستنی شەڕەفی خۆی و خێزانەکەی"، بەڵام دواجار ئازار و هەڕەشەی کوشتنی بەردەوام وایکرد سکاڵا تۆماربکات، ئەو گرتەڤیدیۆی یەکێک لە دیمەنەکانی هەڕەشەلێکردنی تۆمارکردووە و کوردستان24 بڵاویی دەکاتەوە و کە دەردەکەوێت، چۆن رووبەڕووی هەڕەشەلێکردنی توند و ترساندن دەبێتەوە.

(س. ن.) بۆ شەیما بایز قسە دەکات و بە نیگەرانی و خەمێکی قوڵەوە باس لەو ساتە ناخۆشانە دەکات کە پێیدا تێپەڕبووە، بەڵام دڵنیایە لەوەی چیتر ژیانی لە مەترسیدا نییە و ئەو کەسەی لە تاریکییدا بە دزییەوە هەڕەشەی لێدەکرد، ئێستا بە رۆژی رووناک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە و لە زینداندا باجی تاوانەکانی خۆی دەدات و دەڵێت، بە چەک هەڕەشەی کوشتنی لێکردووە و پێی گوتووە "تیزابت پێدا دەکەم و دەمووچاوت دەسووتێنم، گوللــە لە قاچت دەدەم و سەقەتت دەکەم".

دوای ئەوەی لە رێگەی کوردستان24ـەوە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر تەرخانکردنی ژمارەیەکی مۆبایلیان راگەیاند کە بریتییە لە (07508088080)، کە هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی ڤایبەر و واتسئاپیشەوە پەیوەندییان پێوەبکەن بۆ هەواڵپێدان و ئاگادارکردنەوەیان لە هەر تاوانێک و رووداوێکی لەو شێوەیە و دڵنیایشیاندا لەوەی سەرجەم رێکارەکان و بەدواداچوونەکان بە نهێنی ئەنجام دەدرێن و ناسنامە و زانیاری هەواڵدەرەکانیش پارێزراو دەبن، وەک سەرچاوەیەک لە پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، چەندین سکاڵای نوێ تۆمارکراوە و لەلایەن کچان و ژنانەوە لە تاوانی هاوشێوە ئاگادارکراونەتەوە.

لە بەدادچوونێکی پێشووی ئالان زەندی، رۆژنامەنووس لە کوردستان24، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بە هاوکاری ئاسایشی هەولێر باندێکیان دەستگیرکرد، کە لە رێگەی سۆشیال میدیاوە ئافرەتانیان هەڵخەڵەتاندنووە و بە بڵاوکردنەوەی وێنەی نەشاو هەڕەشەیان لێکردوون و ناویان لەخۆیانناوە گرووپی شەیتانەکان. 

ئەمەش دوای سکاڵای هاووڵاتییەک هات کە هێزەکانی پۆلیسی هەولێر بە هاوکاری هێزەکانی ئاسایش توانیویانە باندێکی رێکخراوی تاوانکاری و هەڵخەڵاتاندنی کچان و ئافرەتان دەستگیر بکەن، کە لە رێگەی سۆشیال میدیاوە پەیوەندیان پێوەکردوون و دواتر بە بڵاوکردنەوەی وێنە نەشیاوەکانیان هەڕەشەیان لە ئافرەت و کچەکان کردووە و بۆ مەرامی خۆیان بەکاریانهێناون.