بزووتنەوەی گۆڕان پەیامێک ئاراستەی لاهور شێخ جەنگی دەکات

لاهور شێخ جەنگی - عومەر سەید عەلی - ئەرشیف
لاهور شێخ جەنگی - عومەر سەید عەلی - ئەرشیف

K24 – هەولێر

بزووتنەوەی گۆڕان پەیامێک ئاراستەی لاهور شێخ جەنگی دەکات و داوای یەکڕیزی و یەکدەنگی دەکات.

لە پەیامی گۆڕان هاتووە: بە ئەرکی نیشتمانی لایەنە سیاسیەکانی دەزانین لەپێناو ئامانجە باڵاکانی خەڵکی کوردستان و دۆزینەوەی دەرەچەیەک بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانی هەرێم و پێشهاتە نوێیەکانی گۆڕەپانی سیاسی عێراق و دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر گوزەرانی خەڵک و پاراستنی قەوارەی هەرێم یەکڕیز و یەکدەنگبن.

ئەو پەیامەی بزووتنەوەی گۆڕان کە بەبۆنەی جەژنی قوربان ئاراستەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی کراوە، لە بەشێکی دیکەدا ئاماژە بەوەکراوە: "بێگومان چارەسەری هەموو کێشە و قەیران و ئاستەنگەکان بە هەوڵی دڵسۆزانەی هەمووان دەبێت".

پەیامەکەی گۆڕان لەکاتێکدایە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی، لە مانگی ئاداری 2023 سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان و چەند لایەنێکی دیکەی سیاسی کرد، بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لاهور شێخ جەنگی داوای یەک لیستی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کە بڕیارە لە 18/11/2023 بەڕێوەبچێت.

هەر بەپێی زانیارییەکان لە ئەگەری رێکنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر یەک لیستی، لاهور شێخ جەنگی دەیەوێت بە لیستێکی جیا بەشداری لە هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق بکات.

.