لەمەشیاندا عێراق لە دەرەوەی لیستەکەیە

ئاڵای عێراق
ئاڵای عێراق

K24 - هەولێر

کۆمپانیایەکی بەریتانی کە تایبەتمەندە بە پۆلینکردنی باشترین هێڵە ئاسمانییەکان، لیستی باشترین هێڵە ئاسمانییەکانی بۆ ساڵی 2023 بڵاوکردووەوە و وڵاتانی کەنداو دەستیان بەسەر لیستەکەدا گرتووە.

کۆمپانیای سکای تراکسی بەریتانی، کە تایبەتمەندە بە پۆلینکردنی هێڵەکانی فڕۆکەوانی ئاسمانی، لیستی نوێی باشترین هێڵە ئاسمانییەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ساڵی 2023 بڵاوکردووەوە. بەگوێرەی لیستەکە، وڵاتانی کەنداو لە ریزبەندی یەکەمی باشترین هێڵە ئاسمانییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێن و هێڵی ئاسمانی عێراق لە ریزبەندی 10 باشترین هێڵەکانیشدا نییە.

بەگوێرەی ئەو هەڵسەنگاندنانەی کۆمپانیا بەریتانییەکە کردوویەتی، هێڵی فڕۆکەوانی ئاسمانی قەتەری پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە و لە ریزبەندی باشترین هێڵی ئاسمانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێت. هێڵی فڕۆکەوانی ئیمارات پلەی دووەم و فڕۆکەوانی ئیتیحادی (سەر بە ئیماراتە) پلەی سێیەمی گرتووە. هاوکات هەر یەکە لە هێڵە فڕۆکەوانەکانی سعوودیە، عومان، بەحرەین و کوەیت؛ پلەکانی چوارەم، پێنجەم، شەشەم و حەفتەمیان گرتووە.

هەروەها هێڵی ئاسمانی سعوودیە پلەی هەشتەم، هێڵی ئاسمانی "فڵای دووبەی"ـی ئیماراتی نۆیەم و لە کۆتاییشدا هێڵی ئاسمانی عەرەبی ئیماراتیش پلەی دەیەمی گرتووە و هێڵی ئاسمانی عێراق کە بە "سەوزی عێراق" ناسراوە، لەنێو ریزبەندی 10 باشترین هێڵەکاندا نییە.

وەکو ئەوەی کۆمپانیاکە لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی پێ داوە، ئەو پۆلینکردنە دوای شیکارییەکی وردی پیشەی و هەڵسەنگاندنی ستانداردی بەرهەمەکانی هێڵە ئاسمانییەکان و خزمەتگوزارییەکانیان کراوە و ئەگەر هەر هێڵێکی ئاسمانی پێنج ئەستێرەی پێدرابێت، ئەوە هێڵێکی ناوازەیە و زۆر پێشکەوتووە.