ئیتاڵیا: پارەمان بۆ نۆژەنکردنەوەی بەنداوی مووسڵ دابین کردووە

ماوریچۆ کریکانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق
ماوریچۆ کریکانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق

K24 - هەولێر

باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق ماوریچۆ کریکانتی رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی عێراق هاوکارییەکی گەورەمان هەیە لەسەر بابەتی ئاو و بەڕێوەبردنی.

ماوریچۆ کریکانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیەند، "حکومەتی ئیتاڵیا پارەی بۆ نۆژەنکردنەوەی بەنداوی مووسڵ دابین کردووە و دەستکەوتێکی گەورەی بەدەستهێناوە سەبارەت بەو بەنداوە، ئەویش کۆمپانیای ترێڤی ئیتاڵی ئەم کارەی کردووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە ئەم پڕۆژەیەمان بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی "یونیدو" دابین کردووە و سەلامەتی بەنداوەکانی عێراقمان باشتر کردووە".

کریکانتی گوتیشی: حکومەتی ئیتاڵیا هاوکاری عێراقی کردووە، هەروەها بەشی سەلامەتی بەنداوەکانی نیشتیمانی لە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو دامەزراندووە، جەختیشی لەوەکردەوە، ئەو هاوکارییە گەورەیە و وەبەرهێنە لەگەڵ حکومەتی عێراق بەشێوەیەکی گشتی لە بواری بەڕێوەبردنی ئاوە.