رووسیا دەیەوێت خاوی دوبەی وەک بنەما بۆ دیاریکردنی نرخی نەوتەکەی دیاری بکات

ئاڵای رووسیا
ئاڵای رووسیا

K24 – هەولێر:

ئەلێکسی سازانۆف، جێگری وەزیری دارایی رووسیا رایگەیاند، مۆسکۆ دەیەوێت دەستبەرداری نەوتی خاوی برێنت بێت وەک پێوەرێک بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی و لە بری ئەوە توێژینەوە بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاوی دوبەی دەکات، کە وەک پێوەر بۆ فرۆشتنی نەوتی رووسیا بەکاری بهێنیت، تاکو رێژەی داشکان کەمبکاتەوە کە دەخرێتە سەر نرخەکان.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەداوە، وەزارەتی دارایی ئامادەیە لە پاییزی ئەمساڵ تاووتوێی ئەو بابەتە بکات و چاوەڕوانی پێشنیازی کۆمپانیاکانی نەوت و وەزارەتی وزە دەکەن.

هاوکات ئاژانسی بلوومبێرگ بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی دارایی رووسیا توێژینەوە بۆ داشکانی نرخی نەوتی ئۆراڵی پێوانەیی رووسی دەکات، کە لە 25 دۆلارەوە بۆ 20 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک کەمی بکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری لەبارەوە نەداوە.

بە گوێرەی راپۆرتێکی پێشوو، زیادبوونی خواست بۆ نەوت لەلایەن هیندستان و چین بۆ نەوتی رووسی وایکردووە مۆسکۆ داشکانەکانی کەمبکاتەوە، کە لە ماوەکانی رابردوو مۆسکۆ داشکانی بۆ سەر نرخی نەوتی ئۆراڵ کردبوو.