شوان رەحمان: پێشبینی دەکەین بۆ جەژن زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێر بکەن

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری کاروباری هونەری لە بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەولێر، رایگەیاند، ئامادەکاری تەواوکراوە بۆ رۆژانی جەژن بۆ پێشوازی لە گەشتیاران. دەشڵێت: پێشبینی دەکەین بۆ جەژن زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێر بکەن.

شوان رەحمان، بەڕێوەبەری کاروباری هونەری لە بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، بۆ رۆژانی جەژن لە شاری هەولێر ئامادەکاری تەواوکراوە لە سەرجەم هۆتێل و رێستورانتەکان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران.

بەڕێوەبەری کاروباری هونەری لە بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەولێر، راشیگەیاند، رەچاوی گونجاوی نرخ کراوە لە شوێنە گەشتیارییەکان، بۆ ئەوەی نرخەکان لە ئاست خواست و توانای گەشتیاراندابێت.

شوان رەحمان، گوتی: ئێمە لە رێگەی لیژنەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەولێر، بەدواداچوون دەکەین بۆ سەرجەم شوێنە گەشتیاریەکان بۆ ئەوەی نرخ بەرز نەکرێتەوە، هەروەها بەدواداچوون دەکەین بۆ چارەسەری ئەو کەمکوڕی و کێشانە کە تووشی گەشتیاران دەبێت.

ئاماژەی بەوەدا، لە رۆژانی جەژندا چاوەڕێ دەکرێت ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاریانی بیانی سەردانی هەولێر بکەن، بەهۆی ئەوەی ئەوان سەرسامن بە  شوێنە گەشتیاری و مێژووییەکانی شاری هەولێر.

بەڕێوەبەری کاروباری هونەری لە بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەولێر، گوتیشی: سەرجەم رێستورانت، هۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکان بۆ جەژن کراوە دەبن.

لەبارەی رێژەی گەشتیاران لە رۆژانی جەژندا، شوان رەحمان، دەڵێت: پێشبینی دەکەین لە رۆژانی جەژن زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێر بکەن.