یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی: پێویستە لە جه‌ژندا تواناكان لە پێناو یەكڕیزی نێو ماڵی کورد یەكخەین

لۆگۆی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلام
لۆگۆی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلام

K24 – هەولێر:

بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات،  پێویستە لەم رۆژە پیرۆزەدا هەموو هەوڵ ‌و تواناكان یەكخەین بۆ پێكەوەكاركردن لە پێناو یەكڕیزی و تەبایی نێو ماڵی کورد.

له‌ په‌یامه‌كه‌ی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستاندا هه‌روه‌ها هاتووه‌، جەژن واتە دەبڕینی خۆشی و بەجێگەیاندنی سیلەی روحم و گەردەن ئازایی و ئاشبوونەوە لەگەڵ یەکتری و بەشینەوەی خێرو شیرینی و بەرز راگرتنی دروشمی دینداری و ئەنجامدانی شوکرانەبژێری بەرامبەر نیعمەتەکانی خوای گەورە.

رۆژی 27ـی حوزەیرانی 2023، کە دەکاتە نۆیەم رۆژی مانگی زیلحجە، حاجیان لەسەر کێوی عەرەفە وەستان بۆ بەجێگەیاندنی گەورەترین روکنی فەریزەی حەج و سبەی یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە کە لە دوای رۆژئاوابوونەوە حاجیان دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەی موزدەلیفە و سبەی لە ناوچەی مینا دەست بە رێورەسمی رەجمکردنی شەیتان دەکەن.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ

((ذَلِكَ وَمَنْ يُعَظِّمْ شَعَائِرَ اللَّهِ فَإِنَّهَا مِنْ تَقْوَى الْقُلُوبِ)) الحج: 32.

بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆز، بەناوی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی تەواوی موسڵمانانی جیهان بە گشتی ‌و كوردستان بەتایبەتی دەکەین، لە ناویشیانەوە پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی مامۆستایانی ئایینی بەرێز دەكەین، هیوادارین ئەم جەژنە ببێتە مایەی خۆشبەختی ‌و قبوڵبوونی نزا‌و پاڕانەوەكان‌ و، ئاودانی دڵە تینووەكان‌ و، هاتنەدی مانا راستەقینەكانی جەژنی قوربان لە ئازادی‌ و بڵاوبوونەوەی خۆشەویستی‌ و برایەتی، هەروەك پێویستە لەم رۆژە پیرۆزەدا هەموو هەوڵ ‌و تواناكان یەكخەین بۆ پێكەوەكاركردن لە پێناو وەلاوەنانی گرژی‌ و ئاڵۆزی ‌و ناخۆشی و ململانێکان ‌و، پاراستنی برایەتی‌ و ئاشتی ‌و یەكڕیزی و تەبایی نێو ماڵی کورد.

جەژن واتە دەبڕینی خۆشی و بەجێگەیاندنی سیلەی روحم و گەردەن ئازایی و ئاشبوونەوە لەگەڵ یەکتری و بەشینەوەی خێرو شیرینی و بەرز راگرتنی دروشمی دینداری و ئەنجامدانی شوکرانەبژێری بەرامبەر نیعمەتەکانی خوای گەورە.

دووبارە جەژنی قوربان لە هەموو لایەك پیرۆز بێت‌و، خوای گەورە تاعەت‌و خواپەرستی هەموو لایەكمان قبوڵ بكات‌و، حەج‌و دوعا‌و پاڕانەوەی حاجیەكانیشمان قبوڵ بكات و بەسەلامەت بگەڕێنەوە ناومان.

یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

27ی6ی2023