تۆمارێکی نوێی دەنگی ترەمپ لەبارەی ئێرانەوە بڵاودەکرێتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

تۆمارێکی نوێی دەنگی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بڵاوبووەتەوە و باسی لێدان لە ئێران دەکات و میدیاکانی ئەمەریکاش باس لە ئاوابوونی خۆری دیارترین کاندیدی کۆمارییەکان دەکەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

رۆژی (27ـی حوزەیرانی 2023)، کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریکی تۆمارێکی دەنگی دزە پێکراوی دۆناڵد ترەمپی بڵاوکردوەتەوە و لە تۆمارەکەدا دەردەکەوێت دۆناڵد ترەمپ زانیاریی زۆر پۆڵینکراو و نهێنی پێنتاگۆن لەلای چوار کەس دەدرکێنێت.

بەگوێرەی تۆمارەکە ئەو چوار کەسە رێگەپێدراو نین ئەو زانیارییە پۆلێنکراو و زۆر نهێنیانەی ئەو دامەزراوە ئەمنییە گرنگەی ئەمەریکا بزانن، کە لە تۆمارەکەدا، دۆناڵد ترەمپ باس لە پلانێکی مارک مێڵی سەرۆکی دەستەی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا دەکات کە دەیەوێت هێرش بکاتە سەر ئێران.

دۆناڵدا ترەمپ دەڵێت، "ئەو زانیاریانە لەلایەن سوپاوە بۆی نێردراون و نهێنی و پۆلێنکراون بەڵام ئەو وەک سەرۆک ئەو پۆلێنەیان لەسەر هەڵدەگرێت".

تۆمارە دەنگییەکەی ترەمپ لە میدیای ئەمەریکا بڵابوەتەوە دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و باس لەوە دەکرێت، ئەم تۆمارە نوێیە کاریگەری زۆر خراپی دەبێت لەسەر کەیسەکانی دیکەی دۆناڵد ترەمپ لە دادگا و دیارترین کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتووی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ئەستێرەی ئاوا دەبێت.

ئەو تۆمارە دەنگییە کە ماوەکەی دوو خولەکە و بۆ ساڵی 2021 دەگەڕێتەوە، ترەمپ باس لە نامە ئەلیکترۆنییەکانی هیلاری کلینتۆنیش دەکات.

بڵاوکردنەوەی ئەم تۆمارە دەنگییەی دۆناڵد ترەمپ دوای ئەوە دێت کە 37 تۆمەتی رووبەڕوو کراوەتەوە و تۆمەتبارە بە درکاندنی زانیاری هەواڵگری و هەڵگرتنی زانیاریی زۆر پۆلێنکراو لەبارەی توانای ئەتۆمی و سەربازی ئەمەریکا لە شوێنی مانەوەی خۆی لە دەرەوەی کۆشکی سپی و ئەویش بەردەوام رەتیدەکاتەوە.

هەروەها رۆژی (13ـی حوزەیرانی 2023) دۆناڵد ترەمپ لەبەردەم دادگای فیدراڵی لە شاری میامی پایتەختی ویلایەتی فلۆریدا ئامادەبوو بۆ وەڵامدانەوەی دادگا لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون و دواتریش لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی، "ئەمەریکا وڵاتێکی گەندەڵە و کەسانی ناڕاستگۆ بەڕێوەی دەبەن".