موسا ئەحمەد: بۆ ئەم جەژنە سەبەتەی خۆراک بەسەر 7000 خێزان دابەشکراوە

K24 - هەولێر:

سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، رایدەگەیەنێت، "پڕۆژە هاوکارییەکانمان بۆ ئەم جەژنە  بۆ سەرجەم شار و ناوچەکانی کوردستان و باشووری عێراق بەردەوامدەبێت". هاوکات دەشڵێت: بۆ ئەم جەژنە سەبەتەی خۆراک بەسەر 7000 خێزان دابەشکراوە.

موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، تایبەت بۆ کوردستان24، رایگەیاند، لە جەژنەدا  لە چەندین ناوچەدا چەندین چالاکی جۆراوجۆرمان دەستپێکردووە، هەروەها پڕۆژەی ئازیزان بەردەوامدەبێت.

هەروەها راشیگەیاند، "ئێمە شانازی دەکەین کە جێبەجێکاری ئەو وتە بە نرخەین جەنابی بارزانی نەمرین"، کە دەڵێت: "شانازییە مرۆڤ خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت".

ئاماژەی بەوەشدا، "یەکێك لە مەرجەکانی ئێمە بۆ ئەو منداڵانەی کە لە پڕۆژی ئازیزاندان، پاڵپشتیان دەکەین کە بەردەوامبن لە خوێندن و تاوەکو خوێن تەواودەکەن هاوکاریان دەبین، هەروەها دوای ئەوەی لە پۆلێ 12 نمرەی بەرز بەدەسدەتهێنن خەڵاتی رێزلێنانیان پێدەبەخشین، جەگە لەوەی کەلوپەلی گرنگیان بۆ دەکڕین بۆ ئەوەی لە زانکۆ لێی سوودمەندبن".

گوتیشی: "تاوەکو زانکۆش تەواودەکەن هاوکارییەکانمان بۆیان بەردەوامدەبێت، لە دوای ئەوەی کە زانکۆشیان تەواوکرد دەرفەتی کاریان بۆ دەدۆزینەوە".

سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، باسی لەوەشکرد، ئەو منداڵانەی کە لە پرۆژەی ئازیزان لەگەڵ ئێمەدان، ئێمە وادەکەین دەزگای خێرخوازی بارزانی جێگەی باوکیان بۆ بگرێتەوە.

سەبارەت بە دابەشکردنی هاوکارییەکانیان بۆ ئازیزان بۆ رۆژانی جەژن، موسا ئەحمەد، رایگەیاند،" زیاتر لە 250 منداڵ جلی جەژنیان بۆ كڕاوە، هەروەها دەیانبەین بۆ یانەی ئەسپسواری لە هەولێر و کۆمەڵێک شوێنی دیکەی گەشتیاری، ئێمە هەوڵ دەدەین بۆشای نەبوونی باوکیان بۆ پڕبکەینەوە".

راشیگەیاند، بەیانی بۆ جەژن لەناو هەموو کەمپەکان گۆشتی قوربان دابەشدەکرێت بەسەر ئاوارەکان، هەروەها سەبەتەی خۆراکیش بۆ ئەم جەژنە بەسەر 7000 خێزان دابەشکراوە.

سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، ئەوەشی خستەڕوو، دەزگای خێرخوازی بارزانی لە بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان رۆڵێکی کاریگەری هەبووە، بووەتە سەرچاوە بۆ هەموو خێرخوازەکانی کوردستان و بۆ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.

جەختی لەوەشکردەوە، "ئەو پارەی کە دێتە لای ئێمە، چ لەلایەن سەرمایەدارانی کوردستان بێت، چ لەلایان وڵاتانی دەرەوە بێت، بە کاش دابەشی دەکەین بەسەر کەمدەرامەت و ئازیزان".

پرۆژەی ئازیزان، لەساڵی 2011 بە ئامادەبوون و سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی بۆڕدی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەستیپێکرد.