حاجیان کێوی عەرەفە بەرەو موزدەلیفە جێدە‌هێڵن

K24 – هەولێر:

دوای خۆرئاوابوونی ئەمڕۆ پێنجشەممە و وەستان لەسەر کێوی عەرەفە وەک یەکێک لە روکنەکانی فەریزەی حەج، حاجیان بەرەو ناوچەی موزدەلیفە بەڕێکەوتن.

رۆژی 27ـی حوزەیرانی 2023، کە دەکاتە نۆیەم رۆژی مانگی زیلحجە، حاجیان لەسەر کێوی عەرەفە وەستان بۆ بەجێگەیاندنی گەورەترین روکنی فەریزەی حەج و سبەی یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی پیرۆزە و حاجییان روکنەکانی دیکەی حەج ئەنجام دەدەن.

بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی ئاماری سعوودیە کۆی گشتی ژمارەی حاجیانی ئەمساڵ لە 150 وڵاتی جیهانەوە بەشدارییان کردووە گەیشتووەتە، ملیۆنێک و 845 هەزار و 45 حاجی و ملیۆنێک و 660 هەزار و 915 حاجی لە دەرەوەی سعوودیە و 184 هەزار و 130 حاجیش لە ناوەوەی سعوودیە ئەمساڵ فەریزەی حەج ئەنجام دەدەن.

هەر ئەمڕۆش وەزارەتی حەجی سعوودیە، کۆتاییهاتنی ئامادەکارییەکانی لە موزدەلیفە راگەیاند بۆ پێشوازیکردن لە حاجییان و مانەوەیان لەژێر ئەو خێوەتانەی بۆیان ئامادەکراوە.
هاوکات بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستیی سعوودیە، لەمیانی مانەوەی حاجییان لەسەر کێوی عەرەفە، ئەمڕۆ 287 حاجی بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرماوە تەندروستییان تێکچووە و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە، لە کاتێکدا پێشتریش رایگەیاندبوو 10 رێرەویان کردووەتەوە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری تەندروستی بە حاجییان.

موزدەلیفە دەکەوێتە نێوان مینا و کێوی عەرەفە، حاجیان دوای گەڕانەوەیان لە کێوی عەرەفە لەوێ دەمێننەوە و بەگوێرەی رێکارەکانی ئەنجامدانی فەریزەی حەج، مانەوە لە موزدەلیفە واجبە، و پێویستە حاجیان نوێژی مەغریب و نوێژی عیشا کورت بکەنەوە و لەوێ پێکەوە ئەنجامی بدەن، هەروەها سوننەتە حاجی تاوەکو بەیانی جەژنی قوربان لە موزدەلیفە بمێنێتەوە و ئەگەر هەر حاجییەکیش لە موزدەلیفە نەمایەوە ئەوا کەفارەتی دەکەوێتە سەر.