دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆ جەژن گۆشت بەسەر 20 هەزار خێزان دابەش دەکات

K24 - هەولێر

ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی رابردوو دەزگای خێرخوازی بارزانی، گۆشتی قوربان بەسەر خێزانە کەمدەرامەت و بێسەرپەرشتان دابەش دەکەن، ئەم جەژنەش 20 هەزار خێزان لە گۆشتی قوربانی دەزگای خێرخوازی بارزانی سوودمەند دەبن.

ستاڤ ئاسۆ، بەرپرسی نووسینگەی هەولێری دەزگای خێرخوازی بارزانی بە کوردستان24ی راگەیاند: "ساڵانە هەڵمەتی قوربانیمان هەیە ئەمساڵیش بەشێوەیەکی فراوانتر هەڵمەتەکەمان لە هەرێمی کوردستان و چەند شارێکی عێراق و رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت".

گوتیشی: "لە هەندێک شوێن پڕۆژەکەمان بە هاوبەشییە، بۆ نموونە لە هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ مانگی سووری ئیماراتە و ئازیزان لێی سوودمەند دەبن".

سەبارەت بەو ئاژەڵانەی لە چوارچێوەی هەڵمەتی دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆ جەژنی قوربان سەری دەبڕن، ستاڤ ئاسۆ، گوتی: "لە هەرێمی کوردستان 110 جوانەگا و 33 مەڕ سەر دەبڕدرێن، هەروەها لە شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان 230 مەڕ سەر دەبڕدرێن و بۆ هەر خێزانێک دوو کیلۆ گۆشت دانراوە".

راشیگەیاند: "ئەمساڵ بە گشتی 20 هەزار خێزان لە هەڵمەتی دابەشکردنی گۆشتی قوربانی دەزگای خێرخوازی بارزانی سوودمەند دەبن".

سەبارەت بە جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی تای خێنبەربوون، د. ئەرسەلان جەلال لە بەشی تەندروستی كوشتارگەی ھەولێر، بە كوردستان 24ی رایگەیاند، لە كوشتارگە پێش سەربڕین و دوای سەربڕینی ئاژەڵ پشكنینی تەندروستی بۆ ئاژەڵ دەكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ ئاژەڵی بچووك دوای ھەشت كاتژمێر لە سەربڕین و بۆ ئاژەڵی گەورەش دوای 18 كاتژمێر مانەوەی كوشتەكەی لەنێو ساردكەرەوەدا دواتر بەكاربھێنرێت بۆ خواردن.