ئاگرێکی گەورە لە چیای گۆیژە کەوتەوە

چیای گۆیژە
چیای گۆیژە

K24 – هەولێر:

لە بەشێکی چیای گۆیژەی شاری سلێمانی ئاگر کەوتەوە و زەرەر و زیانێکی زۆر بە چیاکە گەیشتووە، هاوکات تیمەکانی بەرگری شارستانی و تیمەکانی فڕۆکەوانی سلێمانی لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە دان.

ئەمڕۆ(28ـی حوزەیرانی 2023)، پەیامنێری کوردستان24، رایگەیاند، لە چیای گۆیژەی شاری سلێمانی رووداوێکی ئاگر کەوتنەوە روویدا، لە ئاکامدا بەشێکی زۆری چیاکە سووتا، تیمەکانی بەرگری شارستانی و فڕۆکەوانی سلێمانی سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن.

هەروەها راشیگەیاند، تا ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نەزاندراوە و شوێنی ئاگرکەوتنەوەکەش سەختە بەهۆی ئەوەی مینڕێژ کراوە، تیمەکانی بەرگری شارستانی ناتوانن بە ئاسانی بگەنە شوێنی ئاگرەکە و کۆنتڕۆڵی بکەن، بۆیە داوایان لە تیمی فرۆکەوانی سلێمانی کردووە بە هانایانەوە بچن.

پەیامنێری کوردستان24، ئاماژی بەوەشکرد، ئاگرەکە زەرەر و زیانێکی زۆری بە چیاکە گەیاندووە و رێژەیەکی زۆر لە داروباری شوێنەکە سووتاوە، هەروەها بەشێک لە ماڵەکانی گەڕەکی قڕگە و کۆمپانیای نەوزاد و بەرزایەکانی سلێمانی نزیکن لە شوێنی ئاگرەکە، ئەگەر ئاگرەکە زوو کۆنتڕۆڵ نەکرێت تەشەنە دەکات بۆ ئەو شوێنانە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، کەمێک پێش ئێستا بەڕێوەبەری تیمی فڕۆکەوانی سلێمانی کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی ئەنجدامدا و تێدا رایگەیاند، دەتوانن ئاگرەکە کۆنتڕۆڵبکەن و نزیکەی کاتژمێرێک بۆ کاتژمێر و نیویان پێویستە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە.

هەروەها هەر لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانییەکەدا، راشیانگەیاند، ئاگرەکە تا ئێستا زیانی گیانی نەبووە، تەنیا زیانێکی زۆری بە شاخەکە گەیاندووە.