وەزارەتی تەندروستی سعوودیە هۆشداری دەداتە حاجییان بەهۆی بەرزی پلەی گەرماوە

حاجییان لە دەوری کەعبەی پیرۆز - وێنە: AFP
حاجییان لە دەوری کەعبەی پیرۆز - وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

وەزارەتی تەندروستیی سعوودیە رایگەیاند، بەهۆی بەرزی پلەی گەرما و توندی تیشكی خۆرەوە، زیاتر لە هەزار حاجی دۆخی تەندرستییان تێکچووە و داواش لە حاجییان دەکات بۆ ماوەیەکی زۆر لەبەر تیشکی خۆر نەمێننەوە.

رۆژی (28ـی حوزەیرانی 2023)، وەزارەتی تەندروستی سعوودیە داوای لە حاجییان کرد راستوخۆ بەرکەوتەیان لەگەڵ تیشکی خۆر نەبێت و بۆ ماوەیەکی زۆریش لە ریزەکانی چاوەروانیدا نەوەستن.

هەروەها لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستیی سعوودیە ئاماژە بە نیشانەکانی تێکچوونی تەندروستی بەهۆی بەرزی پلەی گەرماوە، بریتییە لە سەرئێشە، سکچوون، سەرگێژخواردن، تا، بێهێزی، توڕەبوون، تینوێتی، ئارەقەکردنەوەیەکی زۆر و میز نەکردن.

هاوکات وەزارەتی تەندروستیی سعوودیە داوا لە حاجییانیش دەکات زیادەڕۆیی نەکەن لە خواردنەوەی ئاوی سارد و لەبەرنەکردنی جلوبەرگی زۆر، بەتایبەتیش گۆرەوی و پێڵاو، لەکاتی تووشبوونیان بە نەخۆشیش لەشیان ساردبکەنەوە و لەکاتی پێویستیشدا پەیوەندی بە ژمارە 937 بۆ ئەوەی بەخێرایی فریاگوزاری تەندروستییان پێبگات.

بە گوێرەی ئامارەکانی دەستەی ئاماری سعوودیە کۆی گشتی ژمارەی حاجیانی ئەمساڵ لە 150 وڵاتی جیهانەوە بەشدارییان کردووە گەیشتووەتە، ملیۆنێک و 845 هەزار و 45 حاجی و ملیۆنێک و 660 هەزار و 915 حاجی لە دەرەوەی سعوودیە و 184 هەزار و 130 حاجیش لە ناوەوەی سعوودیە ئەمساڵ فەریزەی حەج ئەنجام دەدەن. لە کۆی گشتی ژمارەی حاجیانی ئەمساڵ، 969 هەزار و 694 حاجی لە رەگەزی نێرن و 875 هەزار و 351 حاجیش لە رەگەزی مێن.

هەروەها بەپێی زانیارییەکانی دەستەی ئاماری سعوودیە لەبارەی رەگەزنامەی حاجیانی ئەمساڵەوە، 346 هەزار و 214 حاجی لە وڵاتە عەرەبییەکانەوە چوونەتە سعوودیە و ملیۆنێک و 56 هەزار و 317 حاجیش خەڵکی وڵاتانی ئاسیان بەبێ وڵاتە عەرەبییەکان و 221 هەزار و 863 حاجیش لە وڵاتە ئەفریقییەکانەوە بەبێ وڵاتە عەرەبییەکان ئەمساڵ فەیرزەی حەج ئەنجام دەدەن. هاوکات، 36 هەزار و 521 حاجیش لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەمەریکا، ئوسترالیا و ناوچەکانی دیکەی جیهانەوە ئێستا لە سعوودیەن.

لەبارەی شێوازی گەشتکردنی ئەو حاجیانە، دەستەی ئاماری سعوودیە بڵاویکردووەتەوە، ملیۆنێک و 593 هەزار و 271 حاجی لە رێگەی گەشتی ئاسمانییەوە گەیشتوونەتە سعوودیە و 60 هەزار و 813 حاجیش لە رێگەی وشکانی و شەش هەزار و 831 حاجیش لە رێگەی دەریاییەوە گەشتی ئەو وڵاتەیان کردووە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج.

ژمارەی حاجیانی هەرێمی کوردستانیش کە ئەمساڵ فەیرەی حەج ئەنجام دەدەن، بریتییە لە چوار هەزار و 685 حاجی.