نەریمان فازڵ: لە هەولێر 287 هۆتێل و 85 مۆتێل بۆ گەشتیاران ئامادەکراون

نەریمان فازڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەولێر
نەریمان فازڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەولێر

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەولێر، رایدەگەیەنێت، لە شاری هەولێر هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران. هەروەها دەشڵێت: لە هەولێر 287 هۆتێل و 85 مۆتێل بۆ گەشتیاران ئامادەکراون.

نەریمان فازڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەولێر، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، لە هەفتەی رابردووەوە نزیکەی 100 هەزار گەشتیار سەردانی شاری هەولێر و ناوچە گەشتیاریەکانی کردووە.

هەروەها راشیگەیاند، هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران، هەروەها لە رۆژانی داهاتوودا بەهۆی بەردەوامی پشووەکان و هاتنی وەرزی گەرما پێشبینی دەکرێت رێژەی گەشتیاران روو لە زیادبوون بکات.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەولێر، ئاماژەی بەوەدا، لە شاری هەولێر 287 هۆتێل و 85 مۆتێل بۆ گەشتیاران ئامادەکراون، هەروەها شوێنەکانی مانەوە لە شاری هەولێر توانای لەخۆگرتنی 50 هەزار گەشتیاری لە شەوێکدا هەیە .

جەختی لەوەشکردەوە، هاتنی گەشتیاران لە رێگەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان گرفتی شوێنی مانەوەی گەشتیاری چارەسەرکردووە، بەهۆی ئەوەی پێشوەختە لەگەڵ هۆتێلێک یان مۆتێلێک رێککەوتن دەکەن ئینجا گەشتیار دەهێنن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوە کێشەی مانەوەی گەشتیار تا رادەیەکی باش چارەسەربکرێت.

لەبارەی هاتنی گەشتیاری بیانی، نەریمان فازڵ، گوتی: لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاری بیانی سەردانی شاری هەولێرییان کردووە لە رێگەی گرووپە گەشتیارییەکان، هەروەها لە داهاتوودا لە رێگەی کۆربەندە نێودەوڵەتییەکان و بانگێشتکردنی کۆمپانیا بیانییەکان، "هەوڵی راکێشانی گەشتیاری بیانی زیاتری دەدەین، لەو رێگەیەوە هەرێمی کوردستانیان بۆ روون دەکەینەوە کە هەرێمێکی گەشتیاری و سەقامگیرە و ئەمنییەتێکی باشی هەیە".

گوتیشی: لە ماوەی رابردوودا گروپێکی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی باکوری کوردستان بە تایبەت شاری وان، هەکاری و جۆلەمێرگ، سەردانی شاری هەولێریان کرد، لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکانی شاری هەولێر گفتوگۆیان کرد بۆ ئەوەی ئەوانیش لە داهاتوودا گەشتیار بهێنن و گەشتیاری خۆشمان لە رێگای کۆمپانیا ناوخۆی گەشتیارییەکانەوە سەردانی ئەو شوێنانە بکەن.

لەبارەی خکانی چەند گەشتیارێک لە چەند هەفتەی رابردوودا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەولێر، رایگەیاند، تیمەکانی گەشتوگوزار لە بازگەکان هەن  و رێنمایی دەدەنە گەشتیاران خۆیان بەدوربگرن لە سەرچاوە ئاوییەکان، بە تایبەت ئەو کەسانەی کە مەلە نازانن.

هەروەها راشیگەیاند، "لە رێگەی تابلۆکانی ئاگادارکردنەوە بەردەوام هۆشیاری بە گەشتیاران دەدرێت، بەڵام بەداخەوە زۆر جار بەهۆی پابەندنەبوونی گەشتیار و سەرکێشیکردنیان تووشی رووداوی نەخوازراو دەبن".