ئومێد خۆشناو: لە داهاتوویەکی نزیکدا چەند پڕۆژەیەکی گەورەی وەبەرهێنان لە هەولێر ئەنجامدەدرێت

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

K24 – هەولێر:

پارێزگاری هەولێر، رایدەگەیەنێت، پێشبینی دەکەن هاتنی گەشتیار  سبەی لە ئەمڕۆ زیاتر بێت و رێژەکەش بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە. هاوکات لەبارەی پرۆژەی وەبەرهێنانیش گوتی: لە داهاتوویەکی نزیکدا چەند پڕۆژەیەکی گەورەی وەبەرهێنان لە هەولێر ئەنجامدەدرێت.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە میانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر 8ـی کوردستان24، رایگەیاند، لە دوێنێوە گەشتیارێکی زۆر لە خوارو و ناوەڕاستی عێراق سەردانی هەولێرییان کردووە، بە گوێرەی دواین ئاماری گەشتوگوزار کە ئەمڕۆ بە پارێزگای هەولێر راگەیاندراوە، لە 19 تا 27ـی حوزەیران سەروو 100 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەولێر.

هەروەها راشیگەیاند، رێژەی بەرزبوونەوەی گەشتیاران لە پێشبینی کەسدا نەبووە، ریژەکە بەردەوام روو لە زیادبوونە، هاوکات پێشبینی دەکرێت رۆژانی داهاتوو ئەو رێژەیە زیاتر بەرزبێتەوە و ئێستاش هاتنی گەشتیاران بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەدا، هەمیشە لە بازگەکان بە شێوازێکی زۆر جوان پێشوازی لە گەشتیاران دەکرێت و زۆرترین خزمەتگوزاری و رێنماییان پێشکەشدەکرێت.

لەبارەی پاک و خاوێنڕاگرتنی ناوچە گەشتیارییەکان، پارێزگاری هەولێر، گوتی: "چەندین هەڵمەتمان راگەیاندووە بۆ هۆشیارکردنەوە گەشتیاران بۆ مەبەستی و پاک و خاوێنڕاگرتنی ناوچە گەشتیارییەکان، بەڵام زۆرجار ئەوانەی سەردانی ناوچە گەشتیارییەکان دەکەن بە گەشتیارەکانی خۆشمانەوە شوێنەکان پیس دەکەن و خاوێنی ناکەنەوە، ئەرکی خاوێنکردنەوەکەش تەنیا دەکەوێتە سەر تیمەکانی حکومەت".

گوتیشی: "هیوادارین هاووڵاتییان لە دوای دەرچوونیان لە شوێنە گەشتیارییەکان شوێنەکان خاوێن بکەنەوە و پاشماوەکانی خواردنەکانیان فڕێنەدەنە سەر زەوی و ئەوانیش یارمەتیدەربن بۆ خاوێنڕاگرتنی ناوچە گەشتیارییەکان، هەروەها پێویستە بابەتی ژینگە پارێزی ببێتە بەشێک لە فەرهەنگ و کلتووری ئێمە".

سەبارەت بە پڕۆسەی وەبەرهێنان لە سێکتەری گەشتیاریدا، ئومێد خۆشناو، ئاماژەی بەوەدا، ئەوپەڕی ئاسانکاری پێشکەش بە سەرمایەدارانی بیانی دەکرێت بۆ ئەوەی بێن لە هەرێمی کوردستان لە سێکتەری گەشتیاریدا وەبەرهێنان ئەنجامبدەن.

ئەوەشی خستەڕوو، لە داهاتوویەکی نزیکدا چەند پڕۆژەیەکی گەورەی وەبەرهێنان لە هەولیر ئەنجامدەدرێت، هەر وەبەرهێنەرێکیش بیەوێت وەبەرهینان لە هەرێمی کوردستان ئەنجامبدات، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو کار ئاسانییەکی بۆ دەکات.

لەبارەی قورباینکردنەوە، پاریزگاری هەولیر، رایگەیاند، سوپاسی خەڵکی شاری هەولێر دەکەین کە ئەمڕۆ زۆرینەیان لە سەربڕخانەکان قوربانیان ئەنجامدابوو، هەروەها ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی پار خەڵک زیاتر پابەندبوونە بە رێناماییەکانی قوربانیکردن.

هەروەها راشیگەیاند، پێویستە هاووڵاتییان هاوشێوەی ئەمڕۆ لە رۆژانی داهاتووش بەردەوام بن لە پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان لە پێناو سەلامەتی گیانی خۆیان و دەوروبەریان، بەهۆی ئەوەی ڤایرۆسی تای خوینبەربوون مەترسیدارە و بە گوێرەی دوا ئاماری وەزارەتی تەندروستی، تا ئیستا 12 حاڵەتی تووشبوون تۆمارکرایە و 13 حاڵەتی گوماناویش هەیە کە پشتڕاستنەکراوەتەوە، هاوکات 5 حاڵەتی مردنیش تۆمارکراوە.