لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان حاجییەکی هەرێمی کوردستان لە سعوودیە کۆچی دوایی کرد

وێنەی ئەو حاجیەی گیانی لەدەستدا
وێنەی ئەو حاجیەی گیانی لەدەستدا

K24 – هەولێر:

حاجییەکی هەرێمی کوردستان بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ لە شاری مەککە کۆچی دوایی کرد، ئەمەش دەبێتە سێیەمین حاجی هەرێمی کوردستان کە لە حەجی ئەمساڵدا گیان لەدەستدەدات.

حاجییەکی هەرێمی کوردستان بەناوی حەسەن عەبدوڵڵام کە خەڵکی دەربەندیخانە، رۆژی (28ـی حوزەیرانی 2023) لەکاتی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ لە شاری مەککە کۆچی دواییکرد.

لەلایەن خۆیەوە، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئێستا یاوەری حاجییانی هەرێمی کوردستانە لە سعوودیە هەواڵەکەی بۆ کوردستان24 پشتراستکردەوە.

هەروەها رۆژی چوارشەممە (21ـی حوزەیرانی 2023) بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومەرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دووەم حاجی هەرێمی کوردستان بە ناوی (ئەختەر ئەحمەد عەبدولکەریم) لەدایکبووی 1955 خەڵکی ھەڵەبجەی تازە لە شاری مەککەی پیرۆز بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە کۆچی دوایی کرد.

پێشتریش لە رۆژی (20ـی حوزەیرانی 2023)، حاجیەکی کورد لە شاری مەککەی پیرۆز بە ناوی (رەحیمە قادر حەسەن) کە لە دایکبووی 1957ـە و دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین کۆچی دوایی کرد.

بەگوێرەی داتاکان ئەمساڵ 37 هەزار هاووڵاتی لە عێراق  بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج چوونەتە سعوودیە و لەو ژمارەیە چوار هەزار و 685 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستانن.

لەلایەن خۆشیەوە، شێخ نیاز راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، پرۆسەی گەڕانەوەی حاجیانی کوردستان لە (18ـی تەمموزی 2023)ـەوە دەستپێدەکات و لە 24ـی هەمان مانگ کۆتایی دێت.