پڕۆژەی به‌له‌می تەكسی له‌ رووباری دیجله‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت

K24 – بەغدا:

رووباری دیجلە بۆ یەکەمینجار تەکسی ئاوی بەخۆیەوە دەبینێت و تەکسی ئاوییەکە هەردوو بەشی کەرخ و رەسافە بەیەک دەبەستێتەوە، لەمبارەیەوە وەزیری گواستنەوەی عێراق دەڵێت: سوورین لەسەر له‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌.

ئەمیر جاسم، کاپتنی تەکسی ئاوی گواستنەوەی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەم تەکسیە ئاوییانە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی قەرەباڵگی شەقامەکانی بەغدا، هەروەها لەناو بەلەمەکانی تەکسیدا سەرجەم مەرجەکانی سەلامەتی هەیە، چاکەتی خۆپارێزی بۆ سەرنشینی گەورە و بچووک دابینکراوە، رادار و سۆنەری ئاویش هەیە و سەرجەم تیمەکان راهێندراون".

لەلایەکی دیکە، رەزاق محێبس، وەزیری گواستنەوەی عێراق، لە میانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، گوتی: "سەرۆک وەزیران سورە لە سەر بەردەوامی خزمەتگوزاری تەکسی ئاوی بۆ هاوڵاتیانی عێراقی ئەگەر لە بەغدا بێت یان شارەکانی تر ، ئێمە بەردەوام چاومان لە سەری دەبێت و رێگا نادەین لە کار بکەوێت، چونکە هەست بە گرنگی پڕۆژەکە دەکەین بۆ هاووڵاتیانی بەغدا.

پڕۆژەی تەکسی ئاوی لە قۆناغییەکەمیدا سەرنشین لە گەڕەکی کازمییەوە دەگوازێتەوە بۆ وێستگەی شەقامی موتەنەبی بە 11 بەلەمی مامناوەندەوە کەوتووەتە کار، بڕیارە قۆناغی دووەمی لە ناوچەی ئەعزەمیەوە دەستپێکات تاوەکو جادریە، پیشتر ئەم پڕۆژەیە چەند جارێک کەوتووەتە کار و بە بیانووی مەترسی ئەمنی و نەبوونی مەرجی سەلامەتی بەلەمەکانی راگیرابوو.