دوای 20 ساڵ هاووڵاتییان دەتوانن سەردانی گۆڕەپانی ئاهەنگەکانی بەغدا بکەن

گۆڕەپانی ئاهەنگەکان لە بەغدا تەنیا بۆ رۆژانی جەژنی قوربان کراوەتەوە

K24 - بەغدا

دوای 20 ساڵ، بۆ یەکەمجار و بەشێوەیەکی کاتی، هاووڵاتیان لە بەغدا دەتوانن سەردانی گۆڕەپانی ئاهەنگەکان بکەن، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بڕیاریداوە تەنیا لە چوار رۆژی جەژنی قورباندا، ئەو شوێنە بەڕووی هاووڵاتییاندا بکرێتەوە.

گۆڕەپانی ئاهەنگەکان لەناو جەرگەی ناوچەی سەوزی بەغدایە و لە کۆمەڵێک بەشی جیاواز پێکهاتووە، لە سەردەمی حکومەتی پێشووی عێراقەوە ئەوێ ناوچەیەکی قەدەغەکراو بووە و تەنیا بۆ نمایشی سەربازیی بەکاردە‌هێنرا، بەڵام لەم جەژنەدا رۆژانە بۆ ماوەی 18 کاتژمێر بۆ هاووڵاتییان کراوە دەبێت.

مازن مونزر بەڕێوەبەری فەرمانگە لە وەزارەتی رۆشنبیری عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "بە فەرمانی سەرۆکوەزیران لە رۆژانی جەژندا گۆرەپانی ئاهەنگەکان و سینما و پێشەنگای ئەکیتو بەرووی هاوڵاتییان کراوە دەبێت، پلانمان هەیە کە لە دوای جەژنیش بتوانین رەزامەندی لایەنەکان وەربگرین کە بە تەواوەتی شوێنەکە بکرێتەوە".

ئەو گۆڕەپانە لە کاتی حکومەتی پێشوودا و لە سەردەمی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی پاش 2003 تەنیا بۆ نمایشی سەربازی بەکارهێنراوە. بەهۆی هەستیاری شوێنەکەوە، بە باجی تایبەت نەبێت، کەس بۆی نییە بچێتە ئەو ناوچانەی بەغداوە.

حەسەن جەبار، هاووڵاتییەکی دانیشتووی بەغدایە دەڵێت: "ئێمە بێبەش بووینە لەم شوێنانەدا هیوادارم کە حکومەت ئەم جێگایە بە بەردەوام بە کراوەی بیهێڵێتەوە، بۆ ئەوەی هەموو لایەک سوودی لێ ببینن و وەک مێژووییەکی عێراقی نیشان بدرێت".

گۆرەپانی ئاهەنگە گەورەکان لە چەندین بەش پێکدێت لەوانە: گۆڕەپانی نمایشی سەربازی، سینەما مەنسور و ماڵی ئەکیتۆ کە نمایشی هونەری تێدا دەکرێت، هەروەها باخچەی پشوودانی هاووڵاتیانیش بەشێکی دیکەی گۆڕەپانە گەورەکەیە.

لە دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق، ناوچەی سەوزی بەغدا بە تەواوەتی بە رووی هاووڵاتیاندا داخرا، بەڵام لەکاتی دەستبەکار بوونی هەر کابینەیەکی حکومەت، بەشێک لە ناوچەی سەوزیان دەکردوە، و وەكو دەستكەوتێك باسیان لێوە دەكرد، بەڵام  دواتر بە بیانووی خراپی دۆخی ئەمنی بەغداوە دووبارە ناوچەی سەوزیان دادەخستەوە، ئەمجارەش بەشێک ناوچەی سەوز تەنیا لە رۆژانی جەژنی قورباندا كراوە دەبێت.