ماریا زاخارۆڤا بۆ کوردستان24: بەشێک لە خاکی سووریا لەلایەن ئەمەریکاوە داگیرکراوە

K24 – مۆسکۆ:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی سووریا و هۆکاری بەردەوامی ئاڵۆزییەکانیشی بۆ نەبوونی دەسەڵات و چاودێری تەواو لەلایەن حکومەتی سووریاوە بەسەر تەواوی ناوچەکانی وڵاتەکەی گەڕاندەوە بەهۆی ئەوەی بەشێک کە خاکەکەی لەلایەن ئەمەریکاوە داگیرکراوە.

رۆژی (29ـی حوزەیرانی 2023)، لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24ـدا ، سەبارەت بە بۆردوومانەکەی 20ـی ئەم مانگە، لەلایەن فڕۆکەی بێفڕکەوانی تورکیا کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی چەند بەرپرسێکی رۆژئاوای کوردستان، ماریا زاخارۆڤا، گووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، دابینکردنی ئاسایش بۆ سنوورەکانی سووریا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا پێویستە لەسەر بنەمای هەماهەنگی و رێگزگرتن لە نیگەرانییەکانی یەکتر بێت.

ماریا زاخارۆڤا ئاماژەی بەوەشکرد، "رووسیا هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی سووریا و دەوروبەری، واتە بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکی وڵاتەکەدا، بەڵام خۆتان دەزانن کە هەموو خاکی سووریا لە ژێر چاودێری و کۆنتڕۆڵی حکومەتی وڵاتەکەدا نییە، چونکە بەشێکی خاکەکەی هەمووان دەزانین لەلایەن ئەمەریکاوە داگیرکراوە".

هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، "مەبەست لە دابینکردنی ئاسایش بۆ سنوورەکانی وڵاتەکە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا لەسەر بنەمای هەماهەنگی و رێزگرتن لە نیگەرانییەکانی یەکتر بێت کە دەبێتە هۆی چارەسەری کۆی ئەم پرسانە و رێگر دەبێت لە دووبارەبوونەوەی رووداوی لەم چەشنە".

دەزگای دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، لە بۆردوومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی یەپەگە هەردوو هاوسەرۆکانی کانتۆنی قامیشلۆ کوژران و چەکدارێکی دیکەش بریندار بوو.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بە گوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، رۆژی سێشەممە 20ی حوزەیرانی 2023 کاتژمێر 11:20 پێشنیوەڕۆ، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی یەپەگەی لەنيوان گوندی بەندەر و تەلشعیر لە رۆژهەڵاتی شاری قامیشلۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان کردە ئامانج.

ئاماژە بەوەشدراوە، بەهۆی بۆردوومانەکەوە گابی شەمعون ناسراو بە (فورات) و یوسرا دەروێش، هەردوو هاوسەرۆکانی کانتۆنی قامیشلۆ لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کوژران و چەکدارێکی یاوەریشیان بریندار بوو.