لە عێراق تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە روو لە هەڵکشانە

K24 – هەولێر:

بنکە تەندروستییەکانی تایبەت بە نەخۆشی شەکرە لە عێراقدا، رۆژانە ژمارەیەکی بەرچاو لە تووشبووانی نوێ تۆماردەکەن، بەتایبەتی لەناو توێژی منداڵاندا، پزیشکانی شارەزاش دووپاتی دەکەنەوە کە هەڵکشانی نەخۆشییەکە بەو جۆرە، لە ساڵانی داهاتوودا بۆ عێراق دەبێتە مەترسییەکی دیکە.   

حەبیب جەعفەر ، شارەزایی نەخۆشی شەکرە، تایبەت بە کوردستان 24، رایگەیاند،" شەکرە دووجۆری هەیە، یەکەمیان تووشی منداڵان و جۆری دووەمیان تووشی گەورەکان دەبێت، ئەوەی تازەیە، ئێستا منداڵان تووشی جۆری دووەمیش دەبن، هۆکارەکەش خواردنی خێراو شیرینەمەنیەکان و کەمی جووڵە و بەکارهێنانی ئامێرە زیرەکەکانە، هەربۆیە هەمووشتێک نرخی خۆی هەیە".  

لەلایەن خۆیەوە، نەمیر مەهدی شارەزایی گلاندڕژێنەکان، گوتی: "هەندێک لەو نەخۆشانەی تووشی کۆرۆنا دەبوون، دوای چاکبوونەوە لە پشکنینەکانیاندا دەردەکەوت تووشی شەکرەش بوون، هەندێک لەوانە منداڵان بوون، هەر بۆیە بەڵێ پەیوەندی لە نێوان کۆڤیدو شەکرە هەیە ". 

بە پێی دوایین ئاماری رێکخراوە جیهانییەکە کەساڵی 2022 ئامادەی کردووە، لە عێراقدا دوو ملێۆن کەس تووشی نەخۆشی شەکرە بوون، کە لە تەمەندا جیاوازن، ئەوەش بۆ ساڵانی داهاتوو زەنگی مەترسییە، هەروەک پزیشکەکان دووپاتی دەکەنەوە.