لە فەرەنسا خۆپیشاندان لە بەرامبەر کوژرانی مێردمنداڵە 17 ساڵییەکە بەردەوامە

پۆلیسی پاریسی پایتەختی فەرەنسا خۆپیشاندەرێک دەستگیردەکات | وێنە: AFP
پۆلیسی پاریسی پایتەختی فەرەنسا خۆپیشاندەرێک دەستگیردەکات | وێنە: AFP

K24 - هەولێر

خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا لە بەرامبەر کوژرانی مێردمنداڵە 17 ساڵییەکە بەردەوامە و شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران دروستبووە.

جێراڵد دەرمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان رێگری لە پێشێلکاری و فراوانبوونی خۆپیشاندەران دەگرن و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 660 خۆپیشاندەریان دەستگیرکردوون.

بەرپرسانی وڵاتەکە ترسیان لە فراوانبوون و لە کۆنترۆڵدەرچوونی خۆپیشاندانەکانە و بەو هۆیەشەوە نووسینگەی سەرۆکی شارەوانی کلامارت ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە لە 29ی حوزەیران تاوەکو 3ی تەمموز لە کاتژمیر 09:00 شەو بۆ 06:00ـی سەرلەبەیانی قەدەغەی هاتووچۆ دەبێت.

دوای دەستگیرکردنی ئەو پۆلیسەی مێردمنداڵە 17 ساڵییەکەی کوشتووە، لەلایەن داواکاری گشتیی کۆمەڵگەی نانتێرەوە تۆمەتی کوشتنی بەمەبەستی خرایە پاڵ.

لە بەردەوامی کاردانەوە ئەم رووداوەشدا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا گوتی، "لە چەند کاتژمێری رابردوو لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە چەندین پێشێلکاری بەرامبەر بنکەکانی پۆلیس، قوتابخانەکان، دامەزراوە و شوێنی گشتی ئەنجامدراوە. ئەو رەفتارانەش بێ پاسا و قبوڵنەکراون. بەهەمان شێوەش هیچ پاساوێک بۆ کوشتنی کەسێک نییە. لە هەمان کاتتدا سوپاسی هەموو ئەوانەش دەکەم هەوڵی هێورکردنەوەی گرژییەکانیانداوە

هاوکات ئێریک مۆرێتی، وەزیری دادی فەرەنسا رایگەیاند، بارودۆخی خراپتریان تێپەڕاندووە و "دەبێت ئەوەش بزانرێت تەنیا دادپەروەری ئاشتی دەستەبەر دەکات، گرنگترین شت گەڕاندنەوەی ئارامییە و دەبێت هەموو هاووڵاتییان هەست بە بەرپرسیارەتی بکەن. هەموو ئەوانەشی لە خۆپیشاندانەکان پێشێلکاری ئەنجامدەدەن، بە سزای خۆیان دەگەن."

رۆژی سێشەممە 27ـی حوزەیرانی 2023، مێرمنداڵێکی تەمەن 17 ساڵانی جەزائیری بە ناوی (نایل) لـەلایەن پۆلیسی فەرەنساوە لە کۆمەڵگەی نانتێر کوژرا. ئەوەش کاردانەوەی لێکەوتەوە و هاووڵاتییان وەک ناڕەزایەتییەک لەبەرامبەر کوژرانی ئەو گەنجە جەزائیرییە لە پاریس و چەند ناوچەکەیکی دیکەی فەرەنسا رژانە سەر شەقامەکان.

 بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی خۆپیشاندانەکان، نزیکەی 40 هەزار پۆلیس لە سەرانسەری فەرەنسا بڵاوەیان پێکراوە.