سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: میحوەری پردێ نەیهێشت قەوارەی هەرێمی کوردستان تێکبدرێت

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پردێ "میحوەرێکی زۆر زۆر سەرەکی بووە، بۆ پاراستنی قەوارەی کوردستان دوای ئەوەی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر کرا و نەیهێشت قەوارەی هەرێمی کوردستان تێکبدرێت". دەشڵێت، پابەندن بە دەستووری عێراق، دەیانەوێت لەرێگەی دەستوورەوە ماددەی 140 جێبەجێبکرێت و "داکۆکیش لەسەر مافە دەستوورییەکانی خۆمان دەکەین."

ئەمڕۆ هەینی 30ـی حوزەیرانی 2023، لە سێیەم رۆژی جەژنی قوربان (حاجییان)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی جەژنەپیرۆزە، سەردانی پێشمەرگەکانی میحوەری پردێی کرد.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا جەژنەپیرۆزەی لە پێشمەرگەکان کرد و پێیانی راگەیاند، "لە سایەی زەحمەت، خەبات و ماندووبوونی ئێوە، خەڵک لە ماڵەکانی خۆیان جەژن دەکەن. ئێوە سەنگەرەکانتان پاراستووە، کوردستانتان پاراستووە، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بە ئارامی و خۆشی جەژن بگێڕین، حەقەت ئەمە جێی دەستخۆشی هەموو لایەکە."

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا مەسرور بارزانی بە پێشمەرگەکانی ئەو میحوەرەی گوت، پێشتر لە "کاتە ناخۆشەکاندا" یەکتریان بینیوە، بەڵام ویستوویەتی ئەمجارە بۆ جەژن سەردانیان بکات. ئاماژەی بەوەش دا، میحوەری پردێ "میحوەرێکی زۆر زۆر سەرەکی بووە، بۆ پاراستنی قەوارەی کوردستان، دوای ئەوەی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر کرا. ئێرە رێگر بوو لەوەی ئەم پلانە پیسە سەربکەوێت و قەوارەی کوردستان تێکبدات. ئەمە جێگەی دەستخۆشییە کە ئێوە توانیتان زاڵبن بەسەر ئەو هەموو پیلانە خراپانەی کە لەلایەن ناحەزانەوە بۆ هەرێمی کوردستان دارێژرابوون و بەردەوامن لەوەی کە کوردستان بپارێزن."

وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی دەکات، پێیان خۆشە "بە شێوەیەکی ئاشتییانە و  بەجێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستوور" ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان "بەخۆشی بگەڕێنەوە باوەشی کوردستانی خۆشەویستمان."

لەبارەی جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا گوتی: "ئێمە هەوڵدەدەین بۆ ئەوەی ماددەی 140 وەکو خۆی جێبەجێبکرێت، هەرچەندە بەداخەوە، بەڵام لایەنەکەی تر زۆر پابەند نین بە رێککەوتنەکان. سەرەڕای ئەمەش ئێمە تا دوا قۆناغ هەوڵی ئەوە دەدەین شتەکان بە ئاشتییانە چارەسەر بکرێن، ئەگەر تەعدا و غەدریشمان لێکرا، لە خوا بەزیادبێت، بە پشتیوانی خوا و بوونی ئێوە تا دوا هەناسە بەرگریی لە خاک و نیشتمان و کەرامەتی ئەم میللەتە دەکەین و ئێمەش لە خزمەتتانین و لەگەڵتانین."

لەبارەی رێککەوتنە سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش، مەسرور بارزانی رایگەیاند، "ئێمە هەمیشە پابەندین بەو دەستوورە و رێککەوتنە ئاشتییانەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەمانە لە بەغدا، بەڵام لەهەمانکاتدا ئێمە داکۆکیش لەسەر مافە دەستوورییەکانی خۆمان دەکەین و بە هەموو شێوەیەک پارێزگاری لەو مافانە دەکەین."

بەگوتەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، "دەزانین لەم ماوەیە پێشێلی ئەم مافانە کراوە، پێش ماوەیەک بینیمان کە حەتا جووتیارەکانی ئێمە غەدریان لێدەکرێت، لەسەر زەوییەکانیان دەردەکرێن و خەڵکی تر دێنن. ئەو کەسانەی ئێستا هاوردە کراون، شوێنگرەوەی ئەو جووتیارانەی کوردن، تورکمانن، خەڵکی رەسەنی ناوچەکەن، کە جێگرەوەیان بکەن."

مەسرور بارزانی ئاماژە بەوە دەدات، هەر ئەو کات لەبارەی رێگرییەکانی سوپای عێراق بەرامبەر بە جووتیارە کوردەکان، تەلەفۆنی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە و پێی گوتووە "ئەمە پێشێلکردنی دەستوورە و ئەمە گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکەیە، کە پێویستە جەنابت وەکو سەرۆکوەزیرانێک، نەکەویتە ئەم جەبهەیە و وەکو سەرۆکوەزیرانی هەموو لایەک تەسەروف بکەیت و ئەم غەدرە قبووڵ نەکەیت." وەکو ئەوەی مەسرور بارزانی دەڵێت، سوودانی لە وەڵامدا پێی گوتووە، "بەدواداچوون بۆ رووداوەکان دەکەین". 


دەقی گوتارەکەی سەرۆکوەزیرانی مەسرور بارزانی لە سەردانەکەیدا بۆ میحوەری پردێ:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەڕێزان زۆر زۆر سوپاس کە ئامادەبوون و رێگەتان دا بێین سەردانی ئێوە بکەین ئەمڕۆ لە رۆژی جەژن، کە دەبینین خەڵک لە ماڵەکانی خۆیان جەژن دەکەن لە سایەی زەحمەت و خەبات و ماندووبوونی ئێوەیە، کە ئێوە سەنگەرەکانتان پاراستووە، کوردستانتان پاراستووە، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بە ئارامی و خۆشی جەژن بگێڕین، حەقیقەت ئەمە جێی دەستخۆشی هەموو لایەکە.

دەمویست لە نزیکەوە بێم لە خزمەتی ئێوە بم و پیرۆزبایی جەژنتان لێ بکەم، دەستخۆشیتان لێ بکەم و لەنزیکەوە یەکتر ببینینەوە. پێشتر لەوانەیە زۆر لە ئێوەمان بینیوە، وەختی زۆر ناخۆش، دەزانم کە ئەم میحوەرە، میحوەرێکی زۆر زۆر سەرەکی بووە، بۆ پاراستنی قەوارەی کوردستان، دوای ئەوەی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر کرا. ئێرە رێگر بوو لەوەی ئەم پلانە پیسە سەربکەوێت و قەوارەی کوردستان تێکبدات. ئەمە جێگەی دەستخۆشییە کە ئێوە توانیتان زاڵبن بەسەر ئەو هەموو پیلانە خراپانەی کە لەلایەن ناحەزانەوە بۆ هەرێمی کوردستان دارێژرابوون و بەردەوامن لەوەی کە کوردستان بپارێزن.

ئینشائەڵڵا هەموو ئاواتی ئەم نەتەوەیە دێتە دی و ئەو ناوچانەی کە تاوەکو ئێستاش لەژێر دەستی ئێمە نین ئەوەی پێیان دەگوترێت ناوچە کێشەلەسەرەکان یان ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئەوانەش پێمانخۆشە بە شێوەیەکی ئاشتییانە و  بەجێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستوور، ئەوانەش جارێکی تر بەخۆشی بگەڕێنەوە باوەشی کوردستانی خۆشەویستمان.

ئێمە هەمیشە پابەندین بەو دەستوورە و رێککەوتنە ئاشتییانەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەمانە لە بەغدا، بەڵام لەهەمان کاتدا ئێمە داکۆکیش لەسەر مافە دەستوورییەکانی خۆمان دەکەین و بەهەموو شێوەیەک پارێزگاری لەو مافانە دەکەین.

دەزانین لەم ماوەیە پێشێلی ئەم مافانە کراوە، پێش ماوەیەک بینیمان کە حەتا جووتیارەکانی ئێمە غەدریان لێدەکرێت، لەسەر زەوییەکانیان دەردەکرێن و خەڵکی تر دێنن. ئەو کەسانەی ئێستا هاوردە کراون، شوێنگرەوەی ئەو جووتیارانەی کوردن، تورکمانن، خەڵکی رەسەنی ناوچەکەن، کە جێگرەوەیان بکەن.

من لەو وەختە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەم کرد و پێم گوت ئەمە پێشێلکردنی دەستوورە و ئەمە گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکەیە، کە پێویستە جەنابت وەکو سەرۆکوەزیرانێک، نەکەویتە ئەم جەبهەیە و وەکو سەرۆکوەزیرانی هەموو لایەک تەسەروف بکەیت و ئەم غەدرە قبووڵ نەکەیت. بەڵینی پێدام و گوتی ئیجرائات و بەدواداچوونی بۆ دەکەین. ئێمە هەوڵدەدەین بۆ ئەوەی ماددەی 140 وەکو خۆی جێبەجێبکرێت، هەرچەندە بەداخەوە، بەڵام لایەنەکەی تر زۆر پابەند نین بە رێککەوتنەکان. سەرەڕای ئەمەش ئێمە تا دوا قۆناغ هەوڵی ئەوە دەدەین شتەکان بە ئاشتییانە چارەسەر بکرێن، ئەگەر تەعدا و غەدریشمان لێکرا، لە خوا بەزیادبێت، بە پشتیوانی خوا و بوونی ئێوە تا دوا هەناسە بەرگریی لە خاک و نیشتمان و کەرامەتی ئەم میللەتە دەکەین و ئێمەش لە خزمەتتانین و لەگەڵتانین.

جارێکی تریش جەژنتان پیرۆز بێت و ئینشائەڵلا هەر سەرکەوتوو بن.