نەتەوەیەکگرتووەکان سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز ده‌كات

K24 - هەولێر:

نەتەوەیەکگرتووەکان رایده‌گه‌یه‌نێت، سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز دەکەن، کە لەلایەن پەنابەرێکی عێراقەوە لە سوید ئەنجامدراوە.

میگێڵ مۆڕاتینۆس نوێنەری باڵای ھاوپەیمانییەتی شارستانییەتی نەتەوەیەکگرتووەکان راگەیەندراوێکی لەبارەی سووتاندنی‌ قورئانی‌ پیرۆز لەلایەن پەنابەرێکی عێراقی لە سوید بڵاوکردەوە و تێیدا ھاتووە، "بەتوندی سووتاندنی قورئانی پیرۆز کە لەلایەن پەنابەرێکی عێراقەوە لە سوید ئەنجامدراوە، سەرکۆنە دەکەین".

راشیگەیاندووە، "لە کاتێکدا ئێمە جەخت لە گرنگی مافی ئازادی رادەربڕین دەکەینەوە، لەھەمانکاتدا، بێڕێزی بە کتێبە پیرۆزەکان و ئەو شوێنانەی کە خوداپەرستییان تێدا ئه‌نجام ده‌درێت و سیمبولە ئاینییەکان، جێگەی قبووڵکرن نییە و دەبێتە مایەی سەرھەڵدانی تووندئاژۆیی".

میگێڵ مۆڕاتینۆس دووپاتیشیكرده‌وه‌، کە رێزگرتنی ھاوبەش لە یەکتر، بنەمایەکە بۆ بنیاتنان و بەرەوپێشبرنی کۆمەڵگە ئاشتییخوازەکان".

رۆژی 28ى حوزەیرانى 2023، کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان "حاجییان"، پەنابەرێکی عێراقی لە سوید بەناوى (سەلوان مۆمیکا) لەبەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکهۆڵمی ئەو وڵاتە، کۆپییەکی "قورئانی پیرۆز"ی سووتاند. سووتاندنی ئەو کۆپییەی قورئان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێک لە سوێدییەکانیش دژی ئەو کارە وەستانەوە.

دوای ئەو رووداوە، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 29ی حوزەیرانی 2023، وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی سوێدی لە بەغدا بانگهێشتکرد و "نامەیەکی تووندی ناڕەزایەتی" پێدا بەهۆی "مۆڵەتدانی دەسەڵاتدارانی شاری ستۆکهۆڵم بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەلایەن ئەو پەنابەرە عێراقییەوە."

هەڵوێستەکەی ئەو پەنابەرە عێراقیە، لە عێراق و وڵاتانی دیکە کاردانەوەی تووندی بەدوادا هات، لە سەرکۆنەکردن و بانگکردنی باڵیۆزانی سوید بەتایبەت لە وڵاتانی عەرەبی و ناڕەزایەتی دەربڕین خۆی بینیەوە، بەڵام لە عێراق تووندترین هەڵوێست روویدا و خۆپیشاندەران ئێوارەی پێنجشەممە چوونە نێو باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغدا.

ئێوارەی ئەمڕۆش خۆپیشاندانی ملیۆنی لایەنگرانی سەدر لە دژی سووتاندنی "قورئانی پیرۆز" لە بەردەم باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، بەڵام به‌كارهێنانی ئاڵای سه‌رایا سه‌لام، گوتنەوەی دروشم و بەرزکردنەوەی هەموو جۆرە وێنەیەک لە خۆپیشانداکەدا قەدەغە کراوە.